سەردێڕ:

بەشیر حەداد: ئەگەر هەیە پەرلەمان چوار ساڵ بەردەوام نەبێت و هەڵبوەشێتەوە

بەهۆى بەردەوامى خۆپیشاندانەکانەوە
فۆتۆ: 
2019-12-06

5989 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، بەهۆى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە ئەگەرى ئەوە هەیە پەرلەمان بۆ ماوەى چوار ساڵ بەردەوام نەبێت و هەڵبوەشێتەوە.

بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، خۆپیشاندەران داواى گۆڕینى کۆی سیستمى سیاسیی عێراق دەکەن و لەنێویشیاندا پەرلەمان.

وتیشی، دواى دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت هەندێک یاسا هەیە کە دەبێت پەرلەمان دەری بکات، دواتر دەبێت پەرلەمان خۆى هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بەم خولەى خۆى بهێنێت.

لەسەر ناردنى بودجەى ٢٠٢٠ بۆ پەرلەمان، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، پێش بوونى حکومەت بە کاربەڕێکەر، بڕیار لەسەر ناردنى بودجە بۆ پەرلەمان دراوە و لەئێستادا دەتوانرێت بودجە بنێردرێتە پەرلەمان.

بەشیر حەداد ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لە ئەگەرى نەناردنى بودجەى ساڵى ٢٠٢٠ بۆ پەرلەمان، ئەوا پێویستە حکومەت بە یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٩ کارەکانى بکات.

ب.ب