سەردێڕ:

ترەمپ: ئەنگێلا مێرکڵ خانمێکی ناوازەیە

لای ڕاست دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و لای چەپ ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-06

2531 جار خوێندراوەتەوە

لەسەروبەندی لوتکەی ناتۆ و لە کۆبوونەوەیەکیاندا، سەرۆکی ئەمریکا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیای بە خانمێکی ناوازە و درەوشاوە ستایشکرد.

لە ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەی لوتکەی پەیماننامەی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە لەندەن، پایتەختی بەریتانیا، کە لە ٣ و ٤ی ئەم مانگەدا بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی ناتۆیان کرد.

سەرەڕای ڕەخنە بەردەوامەکانی ترەمپ لەماوەی ڕابردوودا کە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی لە فەرەنسا و ئەڵمانیای گرتبوو بەوەی وەکو پێویست بودجە بۆ ناتۆ تەرخان ناکەن، بەڵام سەرۆکەکەی ئەمریکا لە پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ خانمە ڕاوێژکارەکەی ئەڵمانیا، دەستی بە ستایشکردنی کرد و چەندجارێک بە "ناوازە، سەرنجڕاکێش و درەوشاوە" ستایشی کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی میدیاکان، ترەمپ بەهۆی بینینی گرتەڤیدیۆیەکەوە کە تێیدا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەڕەنسا بە گاڵتەوە باسیان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپ کردووە، زووتر لە کاتی خۆی لەندەنی جێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی.

H.B