سەردێڕ:

سلێمانی.. چلەی ماتەمینی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەکەیان بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2019-11-28

10160 جار خوێندراوەتەوە

چل رۆژ بەسەر کۆچى دوایی رۆژنامەنووسان ئامانج بابانى و لانە محەمەد و هامۆى جگەر گۆشەیان تێپەڕیی، بەڵام هێشتا وردەکاریی و چۆنێتى رووداوەکە لاى بەشێک لە هاوڵاتییان ڕوون نییە و جێی گومانە.

لە چلەى ماتەمینییەکەیاندا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بەشداربووان هەر یەکەو بەشێوەیەک خەمناکبوون بۆ لەدەستدانى ئەو دوو رۆژنامەنووسە و منداڵەکەیان.

دامەزراوەى میدیایى نالیا کە مەراسیمى چلەى ماتەمینى بۆ ئەو هەردوو رۆژنامەنووس ئامانج بابانى و هاوسەر و منداڵەکەى سازکردبوو، بەشێک لە رۆژنامەنووس و کەسوکار و هاوڕێیانى ئەو رۆژنامەنووسانە بەشداربوون و بەداگیرسانى مۆم مەراسیمەکە دەستیپێکرد.

بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانیش کە ئامانج بابانی تێیدا فەرمانبەربوو، لە وتەیەکیدا نیگەرانى و خەمناکى بۆ گیانلەدەستدانى ئامانج بابانى و خێزان و جگەرگۆشەکەى دەربڕى.

هەرچەندە چل رۆژ بەسەر کۆچى دوایى ئەو رۆژنامەنووسانە تێپەریووە، بەڵام هێشتا تەواوى ئەو گومانانەى لەسەر رووداوەکە هەبوون وەڵامنەدراونەتەوە، دامەزراوەى میدیایى نالیاش هێشتا پێیان وایە لێکۆڵینەوەى تەواو لەسەر رووداوەکە نەکراوە و تائێستاش کەناڵەکە لە رێرەوى لێکۆڵینەوە و ئەنجامەکانى ئاگادارنەکردووەتەوە تەنها بە بڵاوکردنەوەى چەند گرتەڤیدیۆییەک کە هیچ رەفتارێکى نائاسایی تیادا بەدیناکرێت، نەک هەر گومانى ئەوان، بەڵکو گومانى هاوڵاتییانیشی زیاترکردووە.

دواى کۆتایى هاتنى مەراسیمەکەش هەریەکە لە بەشداربوان بەشێوەیەک ماڵئاوایاى خۆیانیان لەو دوو رۆژنامەنوسە و منداڵەکەیان کرد.

رۆژى ١٦ى مانگى رابردوو، هەردوو رۆژنامەنوس ئامانج بابانى و لانە محەمەد و هامۆى سێ ساڵ، لە رووداوێکدا لە نزیک تەرمیناڵى شارەزور بە فیشەک گیانیان لەدەستدا، لەو کاتەشەوە تا ئێستا قسەکانى دەزگا ئەمنییەکان نەبوەتە هۆى ئەوەى کە گومانەکان لاى هاوڵاتییان برەوێنێتەوە، پێشتریش ئێن ئاڕ تى لە راپۆرتێکى شێکاریدا چەندین گومانی لەسەر رووداوەکە خستەڕوو.