سەردێڕ:

ئوسترالیا.. کەسێک بەشێوەیەکى دڕندانە هێرش دەکاتە سەر ئافرەتێکى باڵاپۆشى دووگیان

تەندروستى ئافرەتەکە و منداڵەکەى جێگیرە
فۆتۆ: 
2019-11-22

75499 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى گرتەڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە، ئافرەتێکى باڵاپۆشى دووگیان لە شارى سیدنى ئۆسترالیا لە لایەن پیاوێکەوە بە شێوەیەکى دڕندانە هێرشی کراوەتە سەر.

پۆلیسى ئۆسترالیا بڵاویکردەوە، پیاوەهێرشکارەکە تەمەنى ٤٣ ساڵ بووە و چووەتە نێو چێشتخانەیەکى شارى سیدنى و لە مێزێک نزیکبووەتەوە کە سێ ئافرەتى بالاپۆشى لەسەر بووە.

بەوتەى پۆلیس، پیاوە هێرشبەرەکە قسەى نەشیاوى بە ئافرەتە دوگیانەکە ووتووە و بە خێرایى بە شەق و بۆکس پەلامارى داوە و خستویەتییە سەر زەوى.

ئاماژە بەوەشکراوە، گەر ئەو کەسانەى لە چێشتخانەکە بوون رێگرنەبونایە ئەوا ئەگەرى بوو ئافرەتەکە گیان لەدەستبدات و بۆیە بەپەلە رەوانەى نەخۆشخانەیان کردووە.

هاوکات ئاژانسەکانى فەرەنسا بڵاویان کردووەتەوە، ئافرەتە دووگیانەکە تازە چووەتە ناو ٣٨ هەفتەوە و تەمەنى ٣١ ساڵ بووە.

باسلەوەشکراوە، پۆلیسى ئۆسترالیا هێرشبەرەکەیان دەستگیرکردووە و رەتیشیان کردووەتەوە بە کەفالەت ئازادى بکەن.

هاوکات دواى وەرگرتنى چارەسەر لە نەخۆشخانە ئافرەتە دووگیانەکە لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک سوپاسى ئەوانە دەکات کە هاوکارییان کردووە، و دەڵێت، "زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە هاتن بۆ دیدەنیم، سوپاس بۆ ئەوانەش کە بە وشە و پەیامە جوان و ئاسودەکەرەکانیان هاوسۆزی و پاڵپشتییان دەربڕی لە فەیسبووک."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لە شاری سیدنی ئوسترالیا لە دایکبووم و گەورەبووم، موسڵمانم، ئەزموونی ڕق و بێڕێزیم کردووە لە ڕابردوودا، بێڕێزییە زارەکییەکان زۆر زۆرن."

دەشڵێت، "ئەو پیاوە شایەنی ئەوە نییە ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگای ئوسترالی، نە دەیناسم و ئەویش نەمن و نە دینەکەم ناناسێت، نامەوێت هەرگیز ئەو هێرشەی ئەو بۆسەر هیچ کەسێکی تر دووبارە ببێتەوە، جیهانێکم دەوێت کە تیایدا خەڵکی دژی کردەوە گەمژانەکان بوەستنەوە و قوربانییەکان بپارێزن."

نوسیویشیەتى، "سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە دەستوەردانیان کرد و منیان پاراست، سوپاسی ئەو دوو خوشکەشم (خوشکی دینیم) دەکەم کە بەبێ دوودڵی بەرگرییان لێکردم."