سەردێڕ:

قەیرانى کارەباى هەرێمى کوردستان بووەتە گرێکوێرەیەکى نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-11-22

2234 جار خوێندراوەتەوە

قەیرانى کارەبا لە هەرێمى کوردستاندا بووەتە ئەو گرێکوێرەیەی کە ٢٨ ساڵە حکومەتى هەرێم پێى ناکرێتەوە، وتەى بەشێک لە بەرپرسانى هەرێمیش دەربارەى کارەبا وەک نوکتە باسدەکرێت.

بەپێى قسەی بەرپرسانی هەرێم، کە یەکێکیان دەڵێت، کارەبای ٢٤ کاتژمێرمان هەیە، ئەوی تر دەڵێت گەر تا ساڵی ٢٠٠٨ کارەبا چاک نەبوو ئەوا پێویستە حکومەت دەست لە کار بکێشێتەوە، ئەوی تریشیان نوێنەری حکومەتی هەرێمە لە واشنتۆن و دەڵێت، کارەبا هێندە زۆرە، هەناردەی دەرەوەی هەرێمی دەکەن.

جگە لە هەردوو بەنداوى دوکان و دەربەندیخان، کە وزەى کارەبا بەرهەمدەهێنن، چەند وێستگەى ترى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمدا هەن، کە بە غاز کاردەکەن، ئەوانیش بریتین لە وێستگەکانى سلێمانى، بازیان، خورمەڵە، دهۆک، باعەدرێ و هەولێر.

دەربارەى قەیرانى کارەبا بەرپرسێک باس لەوە دەکات کە کارەباى هەرێمى کوردستان لە زۆر وڵاتى تر باشترە، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە ناوى هیچ وڵاتێک بدات، بەڵام وەک نموونە، وڵاتێکى وەک ئەفغانستان، پاش زیاتر لە ٣٠ ساڵ جەنگى ناوخۆ و زیاتر لە ٥ ساڵ حوکمى بزووتنەوەیەکى وەک تاڵیبان، کە تەواوى ژێرخانى ئەو وڵاتەى لەناوبرد، کەچى لە ئێستادا حکومەتى ئەو وڵاتە کارەباى بەردەوامى بۆ هاوڵاتییەکانى دابینکردووە.

هەروەها بەرپرسێکى ترى هەرێم لە ئەمریکاوە رایگەیاند کە هەرێمى کوردستان کارەباى تەواوى بۆ هاوڵاتییەکانى دابینکردووە و بگرە ئێستا وزەى کارەبا هەناردەى دەرەوە دەکات، بەبێ ئەوەى ئاماژە بەو شوێنە بکات کە کارەباکەى بۆ هەناردە دەکرێت، ئەوەى مایەى سەرنجیش بوو، لەکاتى وتەکانى ئەو بەرپرسەدا، بەشێک لە هاووڵاتییانى هەرێم لەبەر نەبوونى کارەبا وتەکانى ئەو بەرپرسەیان لە شاشەکانى تەلەفزیۆنەوە نەبینى و دواتر لە سۆشیال میدیاوە بیستیان.

بە وتەى بەرپرسانى کارەبا، لە هەرێمى کوردستان بە هەموو وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا وەک ژێرخان تواناى بەرهەمهێنانى ٦٧٠٠ مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا تەنها بڕى (٣٢٠٠ تا ٣٥٠٠ مێگاوات) کارەبا بەرهەمدەهێنرێت، لەکاتێکدا داخوازى لەسەر بەرهەمهێنانى کارەبا ٥٠٠٠ مێگاواتى تێپەڕاندووە، ئەوان ئەمە بە هۆکار دەزانن بۆ کەمیى پێدانى کارەبا بە هاوڵاتییان.

بەرهەمهێنان و دابەشکردنى کارەبا و قەیرانى بەردەوامیى نەبوونى کارەبا، هەر بەوەوە نەوەستاوە کە هاووڵاتى تووشى هەراسانى بکات و کاریگەرى لەسەر بەشێک لە کاسبکاران و خاوەن پیشەکان دابنێت، بەڵکو لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمدا، قەیرانى بەردەوامى کارەبا و نەبوونى نیەتێک لەلایەن حزبە باڵادەستەکانەوە بۆ چارەسەرى ئەم کێشەیە، وەزیرى کارەباى سەربە یەکگرتووى ئیسلامى ناچارکرد دەست لە پۆستەکەى بکێشێتەوە و وەزارەتەکە رادەستى ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەکانى ئەو کات بکات. کە ئەویش ئەو کات رایگەیاند (ئەم کارەبا ٢٤ کاتژمێریەتان لە کوێ بوو)، وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کە کارەبا ٢٤ کاتژمێر هەیە.

بەڵام سەرباری تێپەڕبوونی ٢٨ سال بەسەر حوکمڕانیی هەرێمدا، هێشتا چارەسەرى کێشەى کارەبا نەکراوە و تا ئەم ساتەش قەیرانەکە وەک خۆى ماوەتەوە و لە هەرێمی کوردستاندا تەنها ئەو دوو بەنداوە هەیە کە کاتی خۆی و پێش نزیکەی ٦٠ ساڵ، حکومەتی عێراقی دروستیکردوون لە دەربەندیخان و دوکان، تا ئێستا سەرباری ئەوەی کە ساڵانە بارانێکی زۆر دەبارێت و ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە هیچ بەنداوێک دروستبکات.