سەردێڕ:

ڕێژەى جیابوونەوەى هاوسەران لە هەرێمى کوردستان لە هەڵکشاندایە

لە شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵ زیاتر لە پێنج هەزار بووە
فۆتۆ: 
2019-11-22

7623 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارێک ڕێژەى جیابوونەوەى هاوسەران بەراورد بە ساڵانى پێشوو لە دادگاکانى هەرێمى کوردستان لە هەڵکشاندایە، بە شێوەیەک تەنها لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا پێنج هەزار و ٨٨ حاڵەت تۆمارکراون.

بەپێی ئامارێک، کە وێنەیەکى دەست دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى کەوتووە، تێیدا هاتووە، لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵانى رابردوو ڕێژەى جیابوونەوەى هاوسەران بە شێوەیەکى مەترسیدار زیادیکردووە.

بەپێی ئامارەکە، لە ساڵى ٢٠١٧دا لە پارێزگاى هەولێر ڕێژەى جیابوونەوە دوو هەزار و ٩٨٥ حاڵەت بووە، لە سلێمانى هەزار و ٣٦٠ حاڵەت و لە دهۆکیش هەزار و ٣٨٤ حاڵەت بووە، کۆى گشتیش پێنج هەزار و ٧٢٩ حاڵەتى جیابوونەوە لە دادگاکان تۆمارکراون.

هەروەها لە ساڵى ٢٠١٨دا ڕێژەى جیابوونەوە زیادیکردووە، بە جۆرێک لە پارێزگاى هەولێر سێ هەزار و ٥٩٨ حاڵەت، لە سلێمانى چوار هەزار و ٨٥ حاڵەت و لە دهۆکیش هەزار و ٥٠٩ حاڵەت بووە، کۆى گشتیش نۆ هەزار و ١٩٢حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، تەنها لە شەش مانگى یەکەمى ساڵى ٢٠١٩دا ئامارەکە بەم شێوەیەیە، لە پارێزگاى هەولێر دوو هەزار و ٥٣ حاڵەت، لە سلێمانى دوو هەزار و ٣٤٥ حاڵەت و لە دهۆکیش ٦٩٠ حاڵەت تۆمارکراوە، کۆى گشتی دەکاتە پێنج هەزار ٨٨ حاڵەتى جیابوونەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، هەرێمى کوردستان لە پێنج ساڵى ڕابردوودا بە دۆخێکى خراپى ئابوریدا تێپەڕبووە و بووەتە هۆى ئەوەى بەشێکى زۆر لە گەنجان کۆچ بکەن بۆ دەرەوەى وڵات؛ بەهۆى نەبوونى هەلی کار و سەرچاوەى بژێوى ژیان ڕێژەى جیابوونەوەى هاوسەرانیش زیادیکردووە.