سەردێڕ:

سبەينێ شاندێکی هەرێم سەردانى بەغداد دەکات

بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانی نێوانیان
فۆتۆ: 
2019-11-22

3093 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، سبەينێ شەممە لەسەر پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، شاندێکی هەرێم سەردانى بەغداد دەکات.

جوتیار عادل باسى لەوە کرد، شاندەکە پێکهاتوون لە وەزیری دارایی، سەرۆکی دیوان، سکرتێری ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى نێوان هەرێم و بەغداد.

سەردانى ئەو شاندەى هەرێم بۆ بەغدا دواى ئەوە دێت، لە هەفتەى رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمی کوردستان سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆبوەوە.

لە ئێستادا پرسی بەشە بودجەى هەرێم لە پرۆژە یاساى بودجەى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٢٠ بووەتە پرسێکى هەنوکەیی و، پەرلەمانى کوردستان بۆ ئامادەکردنى پرۆژە یاساى بودجە چاوەڕوانى بەغدایە.