سەردێڕ:

لەڕۆژی جیهانی تەلەفزیۆندا.. گرنگترین قۆناغەكانی مێژووی ئەو ئامێرە

فۆتۆ: 
2019-11-21

3413 جار خوێندراوەتەوە

ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵى ١٩٩٦ەوە، ٢١ى تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانی تەلەفزیۆن ناساندووە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیكەی یەك سەدە بەسەر دروستكردنی ئەو ئامێرەدا، تا ئێستاش بە كاریگەرترین ئامێری بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ دادەنرێت.

دیاریکردنى ٢١ى تشرینى دووەم وەک ڕۆژى جیهانى تەلەفزیۆن بۆ کاریگەریی ئەو ئامێرە دەگەڕێتەوە کە لەسەر کۆمەڵگاو ئاراستەکردنى هەیەتى، بەتایبەت لە بوارەکانى ئابوریى و سیاسیى وکۆمەڵایەتیدا.

ڕۆژى ٢٧ى کانونى دووەمی ساڵی ١٩٢٦ بەڕۆژى لەدایکبوونى تەلەفزیۆن دادەنرێت و، زاناى ڕوسى ''فلادیمیر زوریکین'' کە بە باوکى تەلەفزیۆن ناسراوە ئەو ئامێرەى بەشێوەى ئەلیکترۆنى دروستکردووە.

 تەلەفزیۆن لەمێژووى پەیدابونییەوە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و پەرەى پێدراوە، لەساڵى ١٨٨٤ یەکەم تەلەفزیۆنى میکانیکى داهێنرا، دواتر لەساڵى ١٩٢٧دا تەلەفزیۆنى ئەلیکترۆنى دروستکراو لەساڵى ١٩٤٠ دا پەرە بە کوالێتى پێکهاتە و جۆرى وردى وێنەکەى درا، لەساڵى ١٩٥٧ تەلەفزیۆنى کۆنترۆڵ دروستکراو، لەساڵى ١٩٦٦دا توانرا تەلەفزیۆنى ڕەنگاوڕەنگ بەرهەمبهێنرێت، بەوەش تەلەفزیۆنى ڕەش وسپى بەخێرایى پشتى تێکرا.

 لەساڵى ١٩٩٧ یەکەم تەلەفزیۆنى شاشە پلازما بەرهەمهات و ئێستا زۆربەى تەلەفزیۆنەکان لەجۆرى پلازمان.

تەلەفزیۆنى ''بى بى سى'' بەریتانى یەکەم کەناڵى تەلەفزیۆنى بوو لەساڵى ١٩٣٢ دەستى بە پەخشکرد، لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیش، عێراق یەکەم وڵاتى عەرەبییە کە لە ٢ى ئایارى ١٩٥٧ لە بەغداوە پەخشى تەلەفزیۆنى عێراقى دەستیپێکرد.

لەگەڵ ئەوەى لە ئێستادا زۆربەى بەرهەمە تەلەفزیۆنییەکان بە کوالێتى بەرز و پێشکەوتوو بەشێوەى ڕەنگاوڕەنگ تۆماردەکرێن، بەڵام تائێستاش سەیرکردنى ئەو بەرهەمانەى کە بە شێوەى ڕەش و سپى تۆمارکراون چێژێکى تایبەتییان هەیە.