سەردێڕ:

​سەرۆك هۆزەكانی عێراق: ڕێز لە بڕیارەكانی حەلبوسی ناگرین و ئەویش بەشێكە لەو حكومەتە گەندەڵە

فۆتۆ: 
2019-11-21

2341 جار خوێندراوەتەوە

سائر بەیاتی، ئەمینداری گشتی هۆزە عێراقییەكان ڕایگەیاند، موحەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمان، بەشێكە لەو دەسەڵاتە گەندەڵەی كە وڵاتی بەمدۆخەی ئێستا گەیاندووە و بڕیارەكانی حەلبوسیشی بە ''بێئەرزش'' ناوبرد.

بەیاتی ئەوەشی وتووە، "هیچ بەرپرسێكی حكومی و پەڕلەمانتارەكان و سەرۆكی پەڕلەمانیش بێبەری نین لەو گەندەڵییە گەورەیە و لە كەمتەرخەمی حكومەت لە خزمەتكردنی عێراقییەكان."

بەوتەی بەیاتی، "حەلبوسیش حاڵی بەحاڵی هەموو بەرپرسە گەندەڵەكانی دیكەی حكومەتە و بڕیارەكانیشی لەلایەن شەقامی عێراقیەوە  ڕێزی لێناگیرێت."

ئەمینداری گشتی هۆزە عێراقییەكان بەناوی هەموو سەرۆك هۆزەكانی عیراقەوە داوای دادگایكردن و لێپرسینەوە لە سەرجەم بەرپرسانی حكومەت دەكات، دەشڵیت، "سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبەر بەرژەوەندی خۆی موجامەلەی خۆپیشاندەران دەكات و دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكییەوە."

پێشتریش لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی كوتلەی نەسرەوە داوای گۆڕینی سەرۆكی ئێستای پەڕلەمانكراو پێیان وابوو كە پرۆسەی سیاسی لەعێراق و ئەم خولەی پەڕلەمان شكستیهێناوەو پێویستە گۆڕانكاری لە لوتكەی دەسەڵاتەكاندا بكرێت.