سەردێڕ:

فازڵ بەشارەتی: پێویستە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت

فۆتۆ: 
2019-11-21

11895 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى پێشوترى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، "پێویستە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و بڕیاری دووەمی ڕیفراندۆم بدەین، ئەگەر ئەو دۆخەی عێراق بەردەوام بێت."

فازڵ بەشارەتی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، "دەبینین باردۆخی سوریا و عێراق و لوبنان و ناوچەکانی دیکە چۆنە، ئەوان دەوڵەتن و خاوەنی چوارچێوەی کیانی خۆیانن، هەرێمی کوردستان بەرگەی نیوەی ئەو بارودۆخە ناگرێت، بۆیە نابێت وەک کاتی ١٧ی شوبات و ئاڵۆزییەکانی دیکە قسەبکەین".

باسی لەوەشکرد "ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستای عێراق بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بە کێشەکانی عێراقەوە نەلکێین، کوردستان پێویستە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و بڕیاری دووەمی ڕیفراندۆم بدات، کە بڕیاری سەربەخۆییە".

وتیشی، "نەخۆشییەکی کوشندەی کورد لە سەدەکانی ڕابردوەوە هەتا ئێستا، ئەوەیە بە ئەستەم دەتوانێت ناوماڵی خۆی لە کاتی پێویستدا یەکبخات"، باسی لەوەشکرد، "لەم بارودۆخەی ناوچەکانی دیکەدا ئارامترین جێگا کە سەقامگریری تێدا بێت هەرێمی کوردستانی باشوورە".

ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە بەرەی کوردستانیمان نییە، بەڵکو موئەسەساتی هەڵبژێردراوی خەڵک هەیە".

دەربارەی دۆخی کارەباش لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد " هەتا ئێستاش حکومەتی هەرێم بەرنامەیەکی وای دانەڕشتووە لەگەڵ دەسەڵات و تواناکانیدا بگونجێت، لە کەرتی کارەبا و کەرتەکانی دیکەشدا".

روونیشیکردەوە، "هەندێک کات حزبەکانی دیکە غەدرییان لە پارتی کردووە، چونکە نەیانویستووە قایل بن بەو دەنگە زۆرەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوییەتی، خۆیان لە ناو جەماوەردا دەنگییان کەمهێناوە و داوای تەعویزی دەنگەکانییان لە پارتی کردووە و پارتیش تا ڕادەیەکی باش لەگەڵیاندا ڕۆیشتووە".

وتیشی "ئەو حکومەتە سەرکەوتووەی ئێستا پێکهێنراوە، لە ئەنجامی سەبر و تەحەمولی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، چونکە بە ڕوحێکی بەرپرسیارانە و نەتەوەییانە و نیشتیمانییانە مامەڵەی لەگەڵ حزبەکانی دیکەدا کردووە".