سەردێڕ:

داواکاریی گشتى ئیسرائیل دۆسیەى گەندەڵى دژى بنیامین ناتانیاهۆ دەکاتەوە

بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-11-21

1125 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتى گەندەڵى و چەند تۆمەتێکى دیکە، داواکاریی گشتى ئیسرائیل، چەند دۆسیەیەکی لە دژى بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەى کردەوە.

داواکاریی گشتى ئەو وڵاتە سەبارەت بە بڕیارەکە رایگەیاند، سێ دۆسیەى جیاوازیان سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانى پۆستەکەى و  گەندەڵى و وەرگرتنى بەرتیل دژى بنیامین ناتانیاهۆ کردووەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە چەند رۆژى رابردوودا لە چەندین دانیشتنى راوێژکاریی دادگادا گفتوگۆى چڕ لەسەر ئەو دۆسێیانە کراوە.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ تۆمەتەکانى رەتکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا پاک نین و پرسیارى زۆر هەڵدەگرن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى دوو هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێکدا، هێشتا حکومەتى نوێی ئەو وڵاتە پێکنەهێنراوە و پێشتریش، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵات و سەرۆکی پارتی لیکود، شکستهێنانی خۆیی لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ ڕاگەیاندبوو.

شکستەکانی پێکنەهاتنی ئەو حکومەتە نوێیە لەوکاتەوە سەریهەڵدا کە ئەڤیگدار لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل، بەهۆی ئاگربەستەکەی ئەم دواییەی غەززە، دەستی لەکارکێشایەوە و ئاگربەستەکەی بە "خۆڕادەستکردن بە تیرۆر" ناوبرد، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکی گەورە لە نێوان پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و لە هاوکارییکردنی یەکتری بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا، دوورکەوتنەوە.

یاساکانی ئیسرائیل هەتا ٢١ ڕۆژی دیکە ڕێگە بە هەر ئەندامێکی کنێست، پەرلەمانی ئیسرائیل دەدات تا ئەوە بکەن کە هەریەک لە ناتانیاهۆ و گانتز نەیانتوانی بیکەن. ئەوەش بە کۆکردنەوەی ٦١ دەنگ و ڕازیکردنی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان بەدەستدەهێنرێت. بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووینەدا، ئەوا لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا، بۆ جاری سێیەم و لەسەریەک، هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت.

ئ.ر