سەردێڕ:

تونس بۆ یەکەمجار پەروەردەی سێکسی دەخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە

قوتابخانەیەکی وڵاتی تونس
فۆتۆ: AFP
2019-11-21

24571 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتی تونس، لەمساڵەوە دەبێتە یەکەمین وڵاتی عەرەبیی کە وانەی "پەروەردەی سێکسی" دەخاتە پرۆگرامی قوتابخانەکانەوە.

ئەرزاق خەنیچ، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی خێزانی تەندرووستی تونسی ڕایگەیاند، لە خوێندنی ئەمساڵەوە، بابەتی "پەروەردەی سێکسی"، لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە، بۆ خوێندنی ئەو وڵاتە، زیاد دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەستپێشخەرییە بە هاوبەشی لەنێوان سندوقی نیشتەجێبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان، پەیمانگای عەرەبی بۆ مافی مرۆڤ و هاوکات، لەژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتەدا دەبێت.

ئەوەش هاتووە، جێکردنەوەی پرۆگرامەکە بەشێوەیەک دەبێت کە تا پۆلی قوتابییەکە نزمتر بێت، سادەتر دەبێت. بۆ نمونە بۆ پۆلەکانی سەرەتایی، تەنیا چەند وانەیەکی سادە دەبێت کە منداڵەکان لە گێچەڵی سێکسی هۆشیار دەکاتەوە و لەو هەلومەرجانەدا، فێری هەنگاوی درووستیان دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تونس وڵاتێکی عەرەبی کیشوەری ئەفریقایە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی مسوڵمانن. لەدوای ساڵی ٢٠١١ەوە کە شۆڕشی مەدەنی لە تونس دەستیپێکرد و سەرۆکی دەیان ساڵەی ئەو وڵاتەیان لە کورسییەکەی هێنایە خوارەوە، تونس بە زوویی دەستی بە گەشەی سیاسیی و شارستانی کرد و ئەم هەواڵەش، لێکەوتەی ئەو پێشکەوتنانەیە کە تونس لەو ساڵانەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە.