سەردێڕ:

لە سوید بەنەخۆش نوسراوەو لە عێراق وەزیرە

لە سوید مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە
فۆتۆ: 
2019-11-20

35941 جار خوێندراوەتەوە

نەجاح شەمەری بەپێی بەڵگەنامەكانی وڵاتی سوید نەخۆشە و توانای كاركردنی نییە، بەڵام لە عێراق نەك هەر كار دەكات، بەڵكو وەزیری بەرگریشە.

ڕۆژنامەی ''نیهیتەرئیداگ''ی سویدی بڵاویكردووەتەوە، نەجاح شەمەری لە شاری ستوكهۆڵمی سوید وەك نەخۆشێك تۆماركراوە كە توانای كاركردنی نییە و حكومەت بەخێویدەكات، ڕۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، شەمەری لە سوید  تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەند تاوانێك و لە ساڵی ٢٠١٥دا تێوەگلاوە بە ساختەكاری لەو بەڵگەنامانەی كە تایبەتن بە دابینكردنی بیمەی تەندروستی لەو وڵاتە.

ڕۆژنامە سویدییەكە نوسیوویەتی، شەمەری لە سوید لە مۆڵەتى نەخۆشیدایە و لە عێراق دەركەوت نەك كەسێكە كە توانای كاركردنی هەیە، بەڵكو بووەتە وەزیری بەرگریی عێراق.

ڕۆژنامەكە لەبارەی نەجاح شەمەری وەزیری بەرگریی عێراقەوە دەڵێت، شەمەری لە ساڵی ٢٠٠٩دا هاتووەتە سوید و لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە.

بە تۆمەتى پشتیوانیکردنى دەسەڵاتێک، کە تاوانبارە بە گەندەڵى، حکومەتى سوید داواى لە شەمەرى کردووە ئامادەى لێکۆڵینەوەبێت.

شەمەری لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن كوتلەی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری دەستنیشانكرا و ئەو كوتلەیە لەو كاتەدا نكۆڵی لەوە كرد نەجاح شەمەری ڕەگەزنامەی سویدی هەبێت.