سەردێڕ:

​عەبادى: دژى حکومەتەکەى عەبدولمەهدى ڕادەوەستین و پشتگیریی خۆپیشاندەران دەكەین

فۆتۆ: 
2019-11-20

2824 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر عەبادى رایگەیاند، دژی كوشتنی خۆپیشاندەران و دەستێوەردانەكانی ئێرانن لە عێراق و پشتگیریی خۆپیشاندەران دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، نیگەرانیی خۆی لە ڕەوشی ئێستای عێراق دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەوان دژی ئەم حكومەتەی عادل عەبدولمەهدی دەوەستنەوە، چونكە بە وتەی عەبادی، خۆپیشاندەران بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی حكومەت كوژراون و، ئەوەش ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنەكە لێی بەرپرسە.

عەبادی دەڵێت، "ئەو ڕاپۆرت و بەڵگەنامانەی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز و چەند دەزگایەكی دیكە بڵاویانكردووەتەوە قەبارەی دەستێوەردانەكانی ئێران لە كاروباری عێراق ئاشكرا دەكەن و، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران بە سیاسەتەكانیاندا سەبارەت بە عێراق بچنەوە و چیتر دەست لە كاروباری نێوخۆی عێراق وەرنەدەن".

عەبادی وتووشیەتی، "ئەو كوشتوبڕەی ئێستا لە عێراقدا هەیە لە سەردەمی كابینەكەی ئەودا ئەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ عێراقییەكاندا نەكراوە،" داواشی لە ئەندام پەرلەمانەكانی سەربە حزبەكەی كردووە سووربن لەسەر بانگهێشتكردنی عەبدولمەهدی بۆ پەرلەمان.

سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ دەربازكردنی وڵات لەم بارودۆخەی ئێستا داوای بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەشی كردووە.