سەردێڕ:

دوو ژنی داعش بە منداڵەکانیانەوە لە سووریاوە گەیەندرانە تورکیا

فۆتۆ: 
2019-11-20

6221 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، بەلجیکا، کارزان عەلى

دوو ژنى ناو رێکخراوى داعش کە بە ڕەچەڵەک بەلجیکین لەگەڵ شەش منداڵیان لە سووریاوە گەیەندرانە تورکیا.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى لە برۆکسل رایگەیاند، ھەریەک لە تاتیانا ویلاندتی تەمەن ٢٧ ساڵ و بوشرا عەبدوڵا ٢٦ ساڵ بە شەش منداڵەوە، پاش ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژھەڵاتی سووریا، لە کەمپی ئەندامەکانی داعشەوە لە عەین عیساوە بە ھاوکاری چەکدارەکانی سەربە تورکیا ڕەوانەی تورکیا کراون و، لەوێ دەستبەسەر کراون.

ئاماژەى بەوەش کرد، بڕیارە ئەو دوو ژنە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بچنە بەردەم دادگای تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە و لەلایەن پارێزەرەکانیشیانەوە دادوەری گشتیی فیدراڵ بۆ کاروباری دەرەوەی بەلجیکا ئاگادارکراوەتەوە.

وتیشی، ئەو دوو ژنە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ هاوسەرەکانیان، کە ئەوکات ھەریەکەیان خاوەن منداڵێک بوون، لە شاری ئەنتوێرپنی بەلجیکاوە بۆ سووریا بەڕێکەوتوون و چوونە ناو گروپێکى چەکداری و پاش کوژرانی هاوسەرەکانیان، بە دوو گیانی ساڵی ٢٠١٤ گەڕانەوە بەلجیکا و پاش ئازادبوونیان لە زیندان ساڵی ٢٠١٥ ڕوویانکردە ناو ڕیزەکانی داعش و لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەشەوە ھەریەکەیان ماوەی پێنج ساڵ زیندانی و هەشت ھەزار یۆرۆ سزایان بەسەردا سەپێندرا.

ئ.ر