سەردێڕ:

پارێزگاری هەڵەبجە ڕەخنەی توند لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەگرێت

فۆتۆ: 
2019-11-20

1794 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنە لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەگرێت بەوەی ژمارەى کورسی هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەی عێراقی بۆ دەستنیشان نەکراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئازاد تۆفیق ڕەحیم پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە توندی ڕەخنەدەگرن لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق "سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران"، بەوەی لەئاست چاوەڕوانى و ساڕێژکردنى نەهامەتییەکانى خەڵکى پارێزگای هەڵەبجەدا نەبوون، لە پڕۆژەیاسای هەمواری هەڵبژاردنەکاندا هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ژمارەی کورسی بۆ دەستنیشان نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی دوێنێ ١٩ی تشرینی دووەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە کرا، ڕەچاوی پارێزگای هەڵەبجە نەکراوە.

وتووشیەتی، "لە پارێزگای هەڵەبجەوە داوا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەین، بە سەرجەم فراکسیۆن و پێکهاتەکانەوە، کە لەکاتى خوێندنەوەى دووەم، بە ئەرکى مێژوویی خۆیان هەستن بەرامبەر بە پارێزگای هەڵەبجە، لەو بڕگەیەدا بە یەکدەنگى هەڵەبجە وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ بناسێنن و پشکى خۆى بۆ دیاریبکەن".

پارێزگارى هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرۆکایەتیى کۆمار و سەرۆکایەتیى حکومەت دەکات، بۆئەوەى هەڵەى هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ئەو رێکارە ئیدارییانەى پێویستە بۆ سەرپێخستنى پارێزگاکە تەواویبکەن.

پارێزگاى هەڵەبجە لە ٥ى شوباتى ٢٠١٥ لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە بە فەرمى وەک پارێزگایەکى دیکەى سەربەخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان ناسێنرا، بەڵام تا ئێستا بەشێکى زۆرى بەڕێوەبەرایەتییەکانى پارێزگاکە نەکراونەتەوە.

 

H.A