سەردێڕ:

خۆسەری ڕۆژئاوا: هیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ دیمەشق نەکردووە

فۆتۆ: 
2019-11-20

435 جار خوێندراوەتەوە

بەڕیوەبەرایەتى خۆسەرى ڕۆژئاوا ئەو هەواڵانەى ڕەتکردەوە کە باس لە کۆبوونەوەى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەگەڵ حکومەتى دیمەشق دەکات.

ئاژانسى هەواڵى ڕووسیا تودەى بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتى خۆسەرى سووریا ڕەتیکردووەتەوە بەرپرسانى خۆسەرى دانیشتنیان لەگەڵ حکومەتى دیمەشق سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەى تورکیا کردبێت و هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دەكەن دوورن لە ڕاستییەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن هەواڵی كۆبوونەوەی نێوان بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەری و حكومەتی دیمەشقیان بڵاوكردەوە.

پاش هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای سووریا ئەو ناوچانە دەپارێزن و ڕێكکەوتنێكی سەربازی بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی باكوری سووریا لە نێوان حكومەتی دیمەشق و بەڕیوەبەرایەتیی خۆسەری سووریادا هەیە.