سەردێڕ:

رۆژئاواى کوردستان.. بە هۆى بۆردومانى تورکیاوە دوو هاوڵاتى شەهید بوون

وێنەى یەکێک لە بریندارانى بۆردومانەکە
فۆتۆ: ئاژانسی هاوار نیوز
2019-11-20

1953 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆردومانى گوندێکى گرێ سپییان کرد و بەوهۆیەوە دوو هاوڵاتى مەدەنى شەهید بوون و سێ ی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەى ئاژانسەکە، تورکیا بۆردومانى گوندى قیرینفولیان لە رۆژئاواى شارەکە کردووە و بەوهۆیەوە دوو هاوڵاتیى گوندەکە شەهید بوون و سێ هاوڵاتییش کە تەمەنیان٢٢ ،٢٥ ساڵە برینداربوون یەکێک لە بریندارەکانیش منداڵە و رەوانەى نەخۆشخانەى کۆبانی کراون.

بۆردومانەکەى تورکیا بۆ سنورى گرێ سپی دواى ئەوە دێت سەرەتاى ئەم مانگەش ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو لەسەر ڕێگاى سەرەکى گرێ سپى تەقییەوە و بەهۆیەوە ١٠ کەس گیانیانلەدەستدا و ژمارەیەک هاوڵاتیى دیکەش برینداربوون.

گرێ سپى لە ڕۆژئاواى کوردستان، لە دواى ڕێککەوتنەکەى ئەمریکا و تورکیاوە، کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتى چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا، کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانى دەکرێن و، تا ئێستاش ڕەوشى ئەمنى ئەو ناوچانە جێگیر نین و دانیشتووانەکانى ئاوارەى سەر سنورەکانى عێراق وسوریا بوون.

ئ.ر