سەردێڕ:

لێكۆڵینەوە ئەمریكییەكان: لێزەركردن بۆ چاو مەترسیدارە و داوای قەدەغەكردنی دەكرێت

فۆتۆ: 
2019-11-20

20514 جار خوێندراوەتەوە

نەشتەرگەریكردن بۆ چاوەكان بە ڕێگەی لێزەر، ناسراوبە ''لەیزك كردن''، مشتومڕێكی زانستیی زۆری لەسەرە و پزیشكە ئەمریكییەكان داوای قەدەغەكردنی دەكەن لەو وڵاتە.

ئاژانسی فۆكسنیوز بڵاویكردووەتەوە، ''مۆریس واكسلەر'' كە ڕاوێژكارێكی ئیدارەی دەرمان و خۆراكی ئەمریكایە و لە ساڵی ١٩٩٨ دەنگی بە پەسەندكردنی نەشتەرگەریی لێزەر بۆ چاو داوە، لە ئێستادا داوای قەدەغەكردنی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە دەكات لە ئەمریكادا، چونكە بە وتەی واكسلەر، ئێستا مەترسییەكانی ئەو نەشتەگەرییە دەركەوتووە و ساڵانێكە پزیشكەكان دركییان بەو مەترسییانە نەكردووە كە لە ئەنجامی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەوە تووشی چاوەكان دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆی كوێربوونیش.

ئەو پزیشكە ڕاوێژكارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەدواداچوونیان بۆ دەرئەنجامی ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆ ڕاستكردنەوە و بەهێزكردنی بینینی كەسەكان كردوویانە، بۆیاندەركەوتووە، لە نێوان ١٠% بۆ ٣٠% ئەو كەسانە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە بەدەست لێكەوتە خراپەكانی ئەو نەشتەرگەرییەوە دەناڵێنن.

لای خۆشییەوە ئاژانسی تەندروستیی فیدراڵی لە ئەمریكا ڕایگەیاندووە، "ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە لەپێناو ڕێككردنەوەی تۆڕی چاو و باشكردنی بینینی كەسەكەیە، بەڵام بەدەر نییە لە مەترسییەكانی پاش نەشتەرگەری و لە دیارترین مەترسییەكانیش كە لە دوای نەشتەرگەرییەكە تووشی كەسێک دەبێت، وشكبونەوەی چاوەكانە و هەندێكجار دەگاتە حاڵەتی كوێربوونیش".

ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە لەبەر خراپیی ئاستی بینین و لەپێناو ڕزگاربوون لە چاویلكە ماوەی كەمتر لە چارەكە سەدەیەكە پەنای بۆ دەبرێت، ئەمریكاش یەكەم وڵات بوو لە ساڵی ١٩٩٨دا ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەی تێدا ئەنجامدرا. لەوبارەیەشەوە پڕۆفیسۆری ڕاوێژكار مۆریس واكسلەر وتوویەتی، ''پێش نزیكەی ٢١ ساڵ واژۆم لەسەر پەسەندكردنی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە كردووە، بەڵام ئێستا دەمەوێت قەدەغە بكرێت لە ئەمریكادا، چونكە زیانی هەیە''.