سەردێڕ:

پاسپۆڕتی سلێمانی: بەمزووانە نوسینگەی پشتڕاستکردنەوە دەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-20

1913 جار خوێندراوەتەوە

لە سلێمانی نووسینگەی پشتڕاستکردنەوە "تصدیقات" دەکرێتەوە و پێویست ناکات هاوڵاتییان سەردانی بەغدا بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕەزامەندیی بۆ کردنەوەی نوسینگەی پشتڕاستکردنەوە "تصدیقات" وەرگیراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەستبەکاردەبێت.

وتیشی، لە ئێستادا باڵەخانەیەک بۆ نووسینگەکە لە گردی سەرچنار دیاریکراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەیەک لە بەغداوە دێن بۆ تۆمارکردنی پێداویستی و کەلوپەلەکان و دابینکردنی، پاشان کارمەند و ستافی پێویستی بۆ دابیندەکرێت.

ئاماژەشی بەوە کرد، لە کردنەوەی نووسینگەکەدا، محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق، ئامادە دەبێت، دەربارەی کارمەند و ستافی ناو فەرمانگەکەش باسی لەوە کرد، "ئەم فەرمانگەیە گرنگە و پەیوەستە بە هەموو کونسوڵخانەکانی عێراقەوە، بۆیە دەبێت ئەو پەیوەندییە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بێت، هەربۆیە کارمەندی خۆیان لێرە دەستبەکاردەبێت".

وتیشی، "چیتر پێویست ناکات هاوڵاتییان بچن بۆ بەغدا، هەر لە خانەقینەوە هەتا دهۆک، سەرجەم هاوڵاتییان دەتوانن سەردانی ئەو فەرمانگەیە بکەن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان".

دەربارەی فەرمانگەی پاسپۆرتی هەریەک لە ڕانیە و هەڵەبجە و کەلاریش باسی لەوە کرد، کارەکان بێ کێشە بەرەوپێش دەچن و ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵیش.

نووسینگەی پشتڕاستکردنەوە "تصدیقات"، تایبەتە بە کاری پشتڕاستکردنەوەی موڵک و خاوەندارێتی، کە بۆ ئەو مەبەستەش چیتر پێویست ناکات هاوڵاتییان سەردانی بەغدا بکەن و دەتوانن کارەکانیان لە سلێمانی ئەنجامبدەن.

H.A