سەردێڕ:

سلێمانی.. لە رووداوێکى هاتوچۆدا ١٧ کەس برینداربوون

لەسەر رێگاى عەربەت - سلێمانى
فۆتۆ: 
2019-11-20

47013 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى ئاشکرایکرد، ئێوارەى ئەمڕۆ بەهۆى رووداوێکى هاتوچۆوە لەسەر رێگاى (عەربەت – سلێمانى) ١٧ کەس برینداربوون.

لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەى بەوەکردووە، رووداوەکە له‌نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆره‌كانی (مینی پاس- تۆیۆتا تاكسی) روویداوە و ١٧ سەرنشینى ئۆتۆمبێلى پاسەکە برینداربوون.

روونیشیکردووەتەوە، به‌هۆی تێپه‌راندنی هه‌ڵه‌ی پاسه‌كه و رەچاونەکردنى مه‌رجه‌كانی توندوتۆڵییەوە رووداوەکە روویداوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، سه‌رجه‌م برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی گواستراونه‌ته‌وه‌.

لە هەرێمی کوردستاندا، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییان دادەنرێت بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمدا بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.

ئ.ر