سەردێڕ:

مەلا بەختیار: ٦٠٠ ملیار دۆلار لە عێراق براوەتە دەرەوە

فۆتۆ: 
2019-11-20

4831 جار خوێندراوەتەوە

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە ٦٠٠ ملیار دۆلار لە عێراق براوەتە دەرەوەی وڵات و ٣٦٨ ملیار دۆلاریان براوەتە بەریتانیا.

لە دیداری ئاشتى و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک، مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند، لە سەردەمی ڕژێمدا ٣٥ هەزار فەرمانبەر هەبووە و مووچەکانیان لە داهاتی کارەبا دراوە، بەڵام ئێستا ١٠٠ هەزار فەرمانبەر هەیە و لە بودجەی گشتیی موچەیان دەدرێتێ و لە کەرتی کارەباشدا ١٠٠ ملیار دۆلار لە هەمان کەرتدا دزراوە.

وتیشی، "ژمارەی جەنراڵەکانی عێراق ١٠ هێندەی ژمارەی جەنراڵەکانی ئەمریکایە، بەڵام ئەوە دۆخی سوپای عێراقە و سوپا بەرگەی چەند ڕۆژێکی داعشی نەگرت."

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە دەبێت چاکسازیی ڕیشەیی بکرێت و پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق بە شێوازێکی باش ڕێکبخرێت و دەستوور بە شێوەیەک هەموار نەکرێتەوە کە ببێتە هۆی دژایەتیی پێکهاتەکانی دیکە.

لەگەڵ بڕیاری چاكسازییەكانی دەوڵەتی عێراق و هەمواركردنەوەی دەستووری وڵات، بەرپرسان و خەڵكی كوردستان ترسی ئەوەیان لێنیشتووە دەستوری عێراق بە جۆرێك هەمواربكریتەوە كە لە زیانی هەرێم و خەڵكەكەی بێت، لەو میانەیەشدا ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستان داوادەكەن لەكاتی هەمواركردنەوەی دەستووردا ڕەچاوی مافە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت.