سەردێڕ:

ڕێکخراوێک:پەرلەمانی کوردستان لە ماوەى زیاتر لە ساڵێکدا تەنیا دوو یاساى دەرکردووە

بینای پەرلەمانی کوردستان، هەولێر - پایتەختی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: گووگڵ
2019-11-20

1817 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاند: پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی تەمەنیدا تەنیا دوو یاسا و ۱۱ بڕیاری دەرکردووە، حەڤدە دانیشتنیشی ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان لەچوارچێوەی ڕاپۆرتێکی پێنج خاڵیدا، لەژێر ناوی پڕۆژەی چاودێریکردنی بەڵێنەکانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی ٢٠١٨، ئامارێکی لەسەر کارەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە:

یەکەم- پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی زیاتر لەیەک ساڵی تەمەنیدا، تەنیا دوویاسای دەرکردووە کە بریتیبون لە یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و یاسای تایبەت بەھەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، یاسای یەکەمیش لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئیمزاکراوە و بڕیاری ژمارە ٥ی بۆدەرچووە، چونکە ئەوکات سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵپەسێردرابوو، ھێشتا سەرۆکی نوێ دیارینەکرابوو.

دووەم- پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵدا، تەنیا ١١ بڕیاری دەرکردووە، لەوانەش، ٦ بڕیاری تایبەت بەڕێکخستنی ئیشوکارەکانی ناوخۆی پەرلەمان و دیاریکردنی لیژنەکان ومتمانەدان بەئەندامانی تازەی پەرلەمان لەجێگای سەرۆکی پێشوو، یەک بڕیاری تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی بەھارەی خۆی بۆ ماوەی دوو ھەفتە، یەک بڕیاری تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ھەرێم، دوو بڕیاری تایبەت بە متمانەدان بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و یەک بڕیاریشی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ڕۆژێک وەک جینۆسایدی ئێزدییەکان بووە.

سێیەم- لەکۆی ئەو ١١ بڕیارەدا و لە سەروبەندی سەرۆکایەتی ڤالا فەرید حەوت بڕیار دەرکراوە و لە سەردەمی ڕێواس فایەقدا یەک بڕیاڕ دەرکراوە و دوو بڕیاریش بەئیمزای ھێمن ھەورامی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەرچووە.

چوارەم- لە ماوەی یەک ساڵدا پەرلەمانی کوردستان تەنیا ١٧ دانیشتنی ئەنجامداوە، بەشێوەیەک چواردە دانیشتنی ئاسایی و سێ دانیشتنی نائاسایی ئەنجامداوە.

 پێنجەم- لەماوەی یەک ساڵدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی تەنیا بۆ ١٠ پێشنیازی یاسایی کردووە، دوو لەو پێشنیازانەش بوونەتە یاسا، بەڵام ھەشت پێشنیازەکەی دیکە نەچونەتە قۆناغی دەرچون وەک یاسا، لەو چوارچێوەیەشدا، یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان بووەتە یاسا و مەرسومی بۆدەرکراوە، بەڵام پێشنیازەکانی وەک ھەمواری مرۆڤسازی لە ھەرێمی کوردستان،  بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زیادەڕۆییان لە سەرکراوە لە سنوری شارەوانیەکان، ھەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی قاچاخچیکردن بەنەوت و بەرووبوومەکانی، ھەمواری یاسای فیدڕاڵی پاراستنی بەرھەمە عێراقیەکان، ھەمواری یاسای ڕێکخستن و ڕێکخستنی عەلوەکان، ھەمواری یاسای فیدڕاڵی واژۆی ئەلکترۆنی و مامەڵە ئەلکترۆنیەکان، ھەمواری یاسای گرتنی مادەی قاچاخ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازاڕە ناوخۆییەکان و ھەمواری یاسای ھاوردە و فرۆشتنی بەرھەمە نەوتییەکان نەگەشتونەتە قۆناغی کۆتایی تاوەکو ببنە یاسا و مەرسوومیان بۆ دەربکرێت.