سەردێڕ:

موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ لەبەردەم مەترسیی دابەشنەکردندایە

فۆتۆ: 
2019-11-19

14441 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى هەرێم مانگانە دوو هێندەی پارەی موچەی  فەرمانبەران داهاتی هەیە، بەڵام موچە، سێ مانگ دواتر لەکاتی خۆی دابەشدەکرێت و موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵیش لەبەردەم مەترسیی دابەشنەکردندایە.

لە دوایین وتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، کە شەشی ئەم مانگە لە دیداری مێری لە شاری هەولێر باسی کرد، بە وتەی ئەو بێت، ئەوا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کە بەهۆی ناشەفافی سێکتەری نەوت و وزە لە هەرێم، ئەم داتایە لای زۆرێک لە پەرلەمانتاران و شارەزایانی بوارەکە کەمە و پێیانوایە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زۆر لەو بڕە زیاترە.

بەڵام ئەگەر داتاکانی سەرۆکی حکومەت بە ڕاست وەربگرین ئەوا مانگانە هەرێمی کوردستان لە فرۆشی نەوت ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە بە گریمانەی ئەوەی بەرمیلێک نەوت بە ٦٠ دۆلار فرۆشرابێت.

بەپێی داتاکانی حکومەت داهاتی ناوخۆی هەرێم مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە، (هەرچەندە دیسانەوە هەندێک پێیانوایە داهاتی ناوخۆ لەم بڕە زیاترە)، ئەگەر داهاتی پارەی پاڵاوگەکان، فرۆشتنی نەوت بە هاوڵاتییان و هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر بە گریمانەیی بە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دابنێین لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا، ئەوا دەکاتە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.

سەرەڕای ئەوانەش، بەغدا مانگانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، واتە کۆی گشتی پارەی فرۆشتنی نەوت، داهاتی ناوخۆ، پارەکەی بەغدا و پاڵاوگەکان و فرۆشتنی نەوت بە تانکەر دەکاتە ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، خۆ ئەگەر پارەی پاڵاوگەکان و فرۆشتنی نەوت بە تانکەریش هەژمار نەکەین، واتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لەو ژمارەیە کەمبکەینەوە، ئەوا حکومەتی هەرێم مانگانە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە. (کە ئەم ژمارەیە، داتا و زانیاریی خودی حکومەتی هەرێمە، کە ئێن ئاڕ تی پشتی پێ بەستووە، نەک ئەو داتا نافەرمییانەی کە ئاماژە بە بڕێکی زیاتر لەم پارەیە دەکەن).

هەروەها وەک حکومەت باسیکردووە، موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نزیکەیی پێویستی بە ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، واتە ئەگەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی لێ دابەشبکرێت، ئەوا بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەت دەمێنێتەوە.

بە واتایەکی تر، ئێستا حکومەتی هەرێم. مانگانە دوو هێندەی پارەی موچەی  فەرمانبەران داهاتی هەیە، بەڵام موچە، سێ مانگ دواتر لە کاتی خۆی دابەش دەکرێت و موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ لەبەردەم مەترسی دابەشنەکردندایە، لایەنی کەم لە سالی ٢٠١٩.

(واتە ئەمساڵ تەنها ٩ موچە دابەشدەکرێت لە کۆی ١٢ موچە)، کە هەندیک پەرلەمانتار پێیانوایە ئەو سێ موچەیە پاشەکەوت دەکرێت.

لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا باسی لەوە کردووە، دابەشکردنی موچە، مانگانە بەردەوام دەبێت، بەڵام باسی لەوە نەکردووە کە ئایا موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ چۆن دابەشدەکرێت و کەی دابەش دەکرێت؟ ئایا ئەمساڵ دابەشدەکرێت یاخود ساڵی داهاتوو؟ ئەگەر ساڵی داهاتوو دابەشبکرێت، ئایا موچەی مانگەکانی خودی ٢٠٢٠ کەی دابەشدەکرێت؟

هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە بەغدا تا کۆتایی ئەمساڵ یەک جاری دیکە ٤٥٤ ملیار دینارەکە دەنێرێت، کە هەرێم وەک موچەی مانگی ٩ی ئەمساڵ دابەشیدەکات، بەمەش دەردەکەوێت کە موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دابەشناکرێت و ڕەنگە چارەنووسی پاشەکەوتکردن بێت.

هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە ئەم کابینەیەش هاوشێوەی کابینەی پێش خۆی سێ مانگی موچەی ساڵ نادات، هەروەک چۆن لە سەرەتای دەستپێکی کابینەی نۆیەمدا، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ (کە جوڵانەوەکە بەشدار نییە لە حکومەتدا و وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆن ماوەتەوە)، ڕایگەیاند کە جیاوازی نێوان کابینەکانی پێشووی حکومەت و ئەم کابینەیە، وەک جیاوازیی نێوان پیپسی و کۆکا کۆلایە. کە ئاماژەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ئەوە بوو، کە ئەم کابینەیەش هاوشێوەی کابینەی رابردوو دەبێت و ناتوانێت خزمەتی هاوڵاتییان بکات و چاکسازیی راستەقینە بکات و داهاتی نەوت و وزە ئاشکرا بکات.