سەردێڕ:

ئەمریکا ئەو بەرپرسە عێراقییانە سزادەدات کە لە کوشتنى خۆپیشاندەران تێوەگلاون

فۆتۆ: 
2019-11-19

1392 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن هۆشدارى دەداتە ئەو بەرپرسە عێراقییانەى کە تێوەگلاون لە کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە لە مانگی تشرینی یەکەم تا ئێستا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داواکارییەکی سەرەکیی خۆپیشاندەرانە.

بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نیودەوڵەتی، عێراق لە ریزبەندی دوانزەهەمینی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە.

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێوستی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کۆڵەکەیەکی سەرەکیی وتار و لێدوانی حکومەت، پەرلەمان، مەرجەعیەت، دەستەی دەستپاکی و سەرکردە سیاسییەکان بووە.

پرسێکی تری پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان توندوتیژی نواندنە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و سزادانی ئەو کەسانەیە کە لەو بابەتەوە تێوەگلاون.

لە ئێستادا هەردوو پرسەکە سنورەکانی عێراقی تێپەڕاندووە و ئەمریکا زمانێکی زبرتر بەرامبەر ئەو بەرپرسانەی وڵاتەکە بەکاردەهێنێت کە لە گەندەڵی و توندوتیژییەکانی دژبە خۆپیشاندەرانەوە تێوەگلاون.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای وەزارەتەکەی، هۆشداریی دا لەوەی سزا بەسەر ئەو بەرپرسە عێراقییانەدا دەسەپێنن کە لە کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەرانەوە تێوەگلاون.

هەروەها هۆشداریشی داوەتە گەندەڵکارانی وڵاتەکە و رایگەیاندووە، ئێمە دەستەوەستان نابین لەکاتێکدا بەرپرسانی گەندەڵ خەڵكی عێراق دەچەوسێننەوە، بەڵکو دامەزراوە یاساییەکانمان بەکاردەهێنین بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو گەندەڵکارانەی کە سامانی عێراقییەکان دەدزن و ئەو خۆپیشاندەرانە برینداردەکەن و دەکوژن کە بەشداریی خۆپیشاندانە ئاشتییانەکان دەکەن.

وەزیرەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوشێوەی خەڵكی عێراق، ئەمریکاش مەبەستی لە سوکایەتیپێکردنی هیچ ئاین و نەژادێک نییە لە سەپاندنی ئەو سزایانەدا و بە تەنها ئەو بەرپرسانە دەکاتە ئامانج کە هەڵەیان بەرامبەر بە گەلی عێراق کردووە.

بە وتەی پۆمپیۆ، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا زۆر بە وردی چاودێریی خۆپیشاندانەکانی عێراقی کردووە، و پشتیوانی لە هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە دەکات کە دەیانەوێت وڵات لە گەندەڵی و هەژموونی دوژمنکارانەی ئێران رزگاربکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت بەرپرسانی عێراق پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکەن، لەکاتێکدا کە هاوڵاتییانی وڵاتەکە دەنگیان هەڵبڕیوە و داوای دیموکراسیەت دەکەن.

خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوەوە لە پایتەخت و چەند پارێزگایەکی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەستیانپێکردووە دژبە گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزاری و خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە دەکەن.

هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و نزیکەی ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.