سەردێڕ:

ریکلامێكی دژ بە جگەرەکێشان کەسانێکی زۆری تووشی ترس کردووە

فۆتۆ: 
2019-11-19

58823 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی بواری نەشتەرگەری چینی ڤیدیۆیەکی سەرسوڕهێنەری بڵاوکردووەتەوە، کە بە باشترین ریکلامی دژ بە جگەرەکێشان ناوبراوە، بۆ هاندانی کەمکردنەوە و وازهێنان لە جگەرەکێشان.

لە هەواڵێکى ماڵپەڕی ئاڕ تیدا هاتووە، چن جینگیۆ، پزیشکی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەری لە گروپی چاندنەوەی ئەندامەکان لە نەخۆشخانەی " Wuxi " لەناوچەی جیانگسو وتی، "نەخۆشێک کە پاش ٣٠ ساڵ لە جگەرەکێشان گیانی لەدەستداوە، ویستویەتی پاش مردنی ئەندامەکانی ببەخشێت، بەڵام پزیشکان دوای ئەوەی سییەکانیان دەرهێنا بینییان کە گونجاو نین بۆ ئەوەی لە جەستەی نەخۆشی دیکەدا بچێندرێنەوە."

وەك لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، نیشانەکانی بە کلسبوون، داخرانی سییەکان و ئاوسانی ئەو ئەندامە بە سییەکانەوە دیارە.

جینگیو وتی: "زۆرێك لە جگەرەکێشەکانی ئەم وڵاتە سییەکانیان بەم جۆرەیە، گروپەکەمان بڕیاریداوە کە ئەم سییانە بۆ هیچ نەخۆشێك نەچێنێتەوە."

ئەم ڤیدیۆیە پاش بڵاوبوونەوەی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیەکی زۆری بەدوادا هات و بووە مایەی ترس بۆ ئەو کەسانەى جگەرەکێشن و بە باشترین ریکلامی دژ بە جگەرەکێشانیش ناونرا کە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن جار شەیر کراوەتەوە.