سەردێڕ:

سەندیکای پزیشکانی کوردستان: بەهۆی دانەمەزراندنیان پزیشکان کوردستان جێدەهێڵن

فۆتۆ: 
2019-11-19

2653 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان لەبەردەم سەندیکاى پزیشکان لە هەولێر گردبوونەوە و باسیان لەوە کرد، بەهۆی دانەمەزراندنیان پزیشکان بەرەو دەرەوەی کوردستان کۆچدەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان، لەبەردەم سەندیکای پزیشکانی هەولێر دەربارەی دانەمەزراندنیان گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو خوێندکارانەى کە دەرچووی ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ن، هەتا ئێستا لە مافی دامەزراندن بێبەشن، كە ئەوەش جگە لەوەی مافی خوێندکارەکانە، هۆكاربووە بۆ كەمیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی هاوڵاتییان، بەم هۆیەوەش پزیشکانی ددان هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا جێدەهێڵن.

لە بەیاننامەکەدا باسى یەکێک لە گرفتەکانی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان کراوە، کە بریتییە لە "بەبێ ئەوەی پزیشكی ددان ساڵێک لەناو نەخۆشخانە و ساڵێكیش لە دەرەوەی شارەكان دەوام بكات، ناتوانێت ببێتە پزیشكی ئەزمووندار، كە دوای ئەوەش ناتوانێت كلینیكی تایبەت بە خۆی بكاتەوە".

هەروەها باس لەوەش کراوە، "زیاتر لە چوار خوولی دەرچووانی پزیشكی ددان دانەمەزراون، كە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بەشە تەندروستییەكان خوێندوویانە و حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سوود لە توانای پزیشكانی ددان وەربگرێت، بەو هۆیەشەوە بەشێك لە دەرچووان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات كردووە و بەشێكی دیكەشیان، كە لە كوردستان ماون، تواناكانیان كپ كراوەتەوە".

لە کۆتاییشدا باسیان لەوە کردووە، "دابڕان لە پراكتیزەكردنی زانستی پزیشكی ددان، كاریگەریی هەیە لەسەر دابەزینی ئاستی زانیارییەكانی پزیشكانی دەرچوو و پزیشكانی ددان، هەروەها بەهۆی تەواونەكردنی قۆناغی مەشقكاری لەناو نەخۆشخانە و دەرەوەی شارەكان، ناتوانن لە خوێندنی باڵا، ماستەر و دكتۆراش بخوێنن".

H.A