سەردێڕ:

ئەردۆغان: ئێمە دەزانین ئەمریکا بە زوویی دەستبەرداری یەپەگە نابێت

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: میدیاکانی تورکیا
2019-11-19

13710 جار خوێندراوەتەوە

ئەردۆغان لە یەکەم لێدوانی دوای کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باس دەستبەردارنەبوونی ئەمریکا لە یەپەگە دەکات.

ئەمڕۆ، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی حزبەکەی خۆیدا، ئەوەی وت، پەیوەستبوونی ئەمریکا بە یەپەگە و پەکەکەوە بە زوویی کۆتایی پێ نایەت.

وتیشی، "ئێمە هەتا لەناوبردنی دوایەمین چەکداریان، لە شەڕەکەمان دژ بەو گروپە چەکدارانە (شەڕڤانان)، بەردەوام دەبین".

دەربارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکاش ئەوەی وت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری ئەوەیە کە لە چەند لایەکەوە هەوڵ بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەدرێت.

هەر لەسەر ئەو پرسە وتیشی، "بە ترەمپم وت، ئەگەر لەسەر ناڕازیبونتان لە فرۆشتنی فڕۆکە بە ئێمە بەردەوام بن، ئەوا تورکیا ڕەنگە ڕووبکاتە شوێنێکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە، ئەردۆغان و ترەمپ لە کۆشکی سپی لە واشنتن کۆبوونەوە و بەپێی چاودێرانیش، دیدارەکەیان بەرهەمێکی ئەوتۆی لێنەکەوتبوویەوە. لای خۆشیانەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستپێکی هێرشەکانی تورکیادا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێشتا، تورکیا و گروپە چەکدارە نزیکەکانی بە هێرشکردن و سەرپێچیکردنی یاسای جەنگی تۆمەتبار دەکات.