سەردێڕ:

دەزگای هەواڵگری عێراق: چەکدارانی داعش پیلانی بەکۆمەڵ هەڵاتنیان لە زیندان هەیە

سەعد عەلاق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق
فۆتۆ: CNN
2019-11-19

2509 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا هۆشداریدا لە مەترسی بە کۆمەڵ هەڵاتنی داعشە بەندکراوەکان.

سەعد عەلاق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ئەوەی وت، ئەوان گەیشتون بەو دەرئەنجامەی کە ویستی ڕاستەقینەی داعش لەم کاتەدا، دەستپێکردنی پرۆسەیەکە بەناوی "شکاندنی پەرژینەکانی زیندان" و مەبەستیان لێی ئازادکردنی داعشە بەندکراوەکانی عێراق و سوریایە.

دەربارەی ئەوەی چیبکرێت بۆ ڕێگرتن لە هەڵاتنی داعشە بەندکراوەکان، ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم بابەتە بخرێتەگەڕ، چونکە ئەو تاوانبارانە دەشێت لە زیندانەکانیان هەڵبێن و بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێنەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە لایەنی کەمەوە، ١٠ هەزار بەندکراوی داعش، کە دوو هەزاریان خەڵکی دەرەوەی سوریان، لەنێو چەند زیندانێکی جیاوازدا، بوونیان هەیە. جیا لەوانەش، زیاتر لە سەد هەزار لە کەسو کار و خێزانی ئەندامەکانی داعش و خەڵکە ئاوارەبووەکانی دیکەی لێیە لەنێو کەمپەکانی ئەو دەڤەرەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرپەرشتی دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا و لەمبارەیەوە، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تیی، راپۆرتێکی شیکاری بەناوی "کێ داعشەکانی ئازادکرد؟"، بڵاوکردبوویەوە.

H.B