سەردێڕ:

پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی جەنگ لە عێراق ​کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-19

2730 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی لە بەدواداچوونێکیدا ئاشکرایکرد، حکومەتی بەریتانیا تاوانی جەنگی سەربازە بەریتانییەکانی لە سەردەمی روخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق پەردەپۆشکردووە، کاردانەوەی لەندەن و دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتەوە.

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاندووە، پێدەچێت لێکۆڵینەوە لە سوپای بەریتانیا و ئەگەری تێوەگلانیان لە تاوانەکانی جەنگ لە عێراق و ئەفغانستان دەستپێبکەینەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەجددی لەو راپۆرتە دەڕوانن کە لەوبارەیەوە خراوەتەڕوو.

هاوکات وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی کراون دوورن لەڕاستییەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا بی بی سی بە هاوبەشی لەگەڵ رۆژنامەی سەندەی تەلەگرافی، لە ڕاپۆرتێکیاندا ئاشکرایانکرد، حکومەت و سوپای بەریتانیا هەوڵی پەردەپۆشکردنی تاوانی سەربازەکانیانی لە عێراق و ئەفغانستان داوە.

هەروەها بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی ١١ لێکۆڵەری بەریتانی، ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڵگەکان دەریدەخەن کە چەند سەرباز و ئەفسەرێکى سوپای بەریتانیا لە عێراق و ئەفغانستان ئەشکەنجەی هاوڵاتی مەدەنییان داوە و کوشتوویانن، دواتریش وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی راگەیاندووە، بەڵگەی پێویست نیە کە دەریبخات سەربازە بەریتانییەکان تاوانی جەنگیان ئەنجامدابێت.

لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە شاری لاهای، دەبێتە یەکەم لێکۆڵینەوە کە سەبارەت بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن سەربازانی بەریتانییەوە بکرێت.