سەردێڕ:

بەهمەنی قوبادی پەیامێک ئاراستەی کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات

فۆتۆ: 
2019-11-19

3353 جار خوێندراوەتەوە

دەرهێنەر و سینەماکاری دیاری کورد بەهمەنی قوبادی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەورەترین دوژمنی کورد حکومەتی جمهوریی ئیسلامیی ئێرانە، هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە.

بەهمەنی قوبادی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام و بە گرتە ڤیدیۆیەک پاڵپشتیی خۆی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە و، داوایان لێدەکات ئیدانەی حکومەتی ئێران بکەن و بەو ڕێگە داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

قوبادی دەڵێت، "ئیدامەبن ئیدامەبن مافمان ئەبێ بگرین، گەورەترن دوژمنی کورد حکومەتی جمهوریی ئیسلامیی ئێرانە، لە سەرەتای ئینقلابەوە تا ئەمڕۆ شەڕ دەکەین، لە ئێستادا کە ئینقلابە یەک دەقیقە بێدەنگ مەوەستن لە پەنجەرەی ماڵەکانتانەوە هاواربکەن بۆ دروستکردنی دەنگ بۆ رووخاندنی سیستمی ئێران".

لە بەشێکی ڤیدیۆکەدا رایگەیاند، "ئێوە تەنها نوقتەی هیوان بۆ میللەتانی تر، سومبولی ئازایەتی و پاڵەوانی و رەنج بووین، مافتان بگرن دوای هەر شتێک کورد دەتوانێت مافەکانی بەدەستبهێنێتەوە، مەوەستن ئەحزابی کورد، ساحێب قەڵەمەکان، هەرکەسێک بێت دەتوانن لەم رێگەیە خەبات بکەن".

وتیشی، "ئەزانم ئێمە دەتوانین کاریگەریی زۆر دانێین، میللەتانی تر دەعوەت بکەین، ئێوە دەتوانن ئەو سومبولەبن".

بەھمەن قوبادی ساڵی ١٩٦٩ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دەرچووی بەشی سینەمای زانکۆی تارانە، دەرھێنەرێکی سینەمایی بەناوبانگی کوردە، فیلمەکانی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایشدەکرێت و تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە، دیارترین فیلمەکانی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، نیوەمانگ، کیسەڵەکانیش دەفڕن، کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە و وەرزی کەرکەدەن)، ساڵی ڕابردوو بە فەرمی بووە ئەندامی بنکەی سینەماکارانی ئەمریکا.

ئ.ل