سەردێڕ:

١٢ لایەنی سیاسی لەبەغدا لەسەر دۆخی عێراق کۆبوونەوە

فۆتۆ: 
2019-11-19

5440 جار خوێندراوەتەوە

شەوی ڕابردوو ١٢ لایەنی سیاسی سەرەکی عێراق لەبەغدا کۆبوونەوە و شەش بڕیار و چەند پێشنیارێکیان بۆ چاسەرەکردنی دۆخی عێراق داوەتەوە حکومەت.

بەپێی سەرچاوەکان، شەوی ڕابردوو، دوانزە لایەنی سیاسی سەرەکی عێراق کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق ڕێکخستووە و چەند بڕیارێکیان دەرکردووە و هەڕەشەى ئەوەیان کردووە ئەگەر  حکومەت ئەو بڕیارانە بە خێرایی  و لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێنەکات ئەوا بڕیاری هەڵوەشانەوەى حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدەن.

فراکسیۆنە بەشدارەکان بریتی بوون لە، هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیانی هێزی نیشتیمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، فراکسیۆنی حیکمەی نیشتیمانی، هاوپەیمانی نیشتیمانی، بەرەی ڕزگاریی و گەشەپێدان، فراکسیۆنی بەخشینی نیشتیمانی، فراکسیۆنی گرێبەستی نیشتیمانی و بەرەی تورکمانی.

بەپێی زانیارییەکانیش هاوپەیمانی سائیرون و  نەوەى نوێ بەشدار ئەو کۆبوونەوەیان نەکردووە کە لەبەغدا ئەنجامدراوە.

ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەو لایەنانە، شەش بڕیار و چەند پێشنیارێکی لێکەوتەوە و ڕایانگەیاندووە،  کاری لە پێشینەى حکومەت  پارێزگاریکردنی گیانی هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانە  و پاراستنی کۆمەڵگایە لە جەنگى ناوخۆ ، پارێزگاری لە دەمودەزگاکانى دەوڵەت و بنەمای دەستاودەستکردنی ئاشتیانەى دەسەڵات ، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان ئەرکانیان بە باشی جێبەجێبکەن و وڵات لە ئاژاوە بپارێزن، پێویستە ئەو کەسانەى بە پلان ڕەوشى عێراق و خۆپیشاندانەکانیان تێکداوە بدرێنە دادگا.

 هاوکات هەر لەو کۆبووەنەوەدا بڕیاریشدراوە، حکومەت و پەرلەمان بە بەردەوامی لە کۆبوونەوەدابن بۆ دەرکردنی یاسا لە بوارەکانی چاکسازی و حکومەت لە کەمترین ماوەدا یاساکان جێبەجێکات.

چەند پێشنیارێکیشیان  خستووەتەڕوو لەوانە، چالاککردنی دادگایەک بۆ کۆڵینەوە لەسەرجەم کردە تاڵانییەکانی ئەم دواییە ، دوورکەوتنەوەى سەرجەم هێزە سیاسیەکان لە هەموو دەستێوەردانێکی کاری حکومەت و وەزارەتەکان ، هێزەکان پشتگیری پەرلەمان بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە  نوێیەکانی و  دەرکردنی چەند یاسایەک لە قازانجی هاوڵاتیان .

 بە پێی زانیارییەکانیش هەر لە کۆبوونەوەکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپشک  کراوە  لە دیاریکردنی ھەر کەسێک کە خۆی بە گرنگی دەزانێت بۆ کابینە نوێیەکەی  و بڕیاردراوە بە لابردنی ١٢ وەزیر لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی کە ٣ وەزیریان سیادیین و  لە ھەریەک لە وەزارەتەکانی( دارایی و بەرگری و دەرەوە) پێکدێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە  ماوەى  نزیکەى مانگێگە خۆپیشاندان  لە بەغدا و شارەکانی عێراق بەردەوامە و داوای  هەڵوەشانەوەى هەر سێ سەرۆکایەتیەکەوە و ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن.