سەردێڕ:

بەغدا.. خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر سێیەمین پردی ڕوو بە ناوچەی سەوزدا گرت

فۆتۆ: 
2019-11-17

5669 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندەرانی بەغدا لە خۆپیشاندانەکانی ئەمشەودا، دەستیان بەسەر سێیەمین پردی سەر ڕووباری دیجلەدا گرت، کە بەرەو ناوچەی سەوز دەڕوات.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر مەیدانی خەلانی و ناوچەی سینەکدا گرت، ئەمشەویش، دەستیان بەسەر پردی "ئەحرار"دا گرت، کە لەسەر ڕێگای ناوچەی سەوزە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ھێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی بەکارھێنانی گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگییەوە ھەوڵی ڕێگریکردنیان لە پەڕینەوەی خۆپیشاندەران بەسەر پردەکەدا داوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، خۆپیشاندەران لە ڕێگەی تەنەکەی خۆڵ، پارچە ئاسن و کەلوپەلی کانزاییەوە نێوەندە دیوارێکیان لە نێوان خۆیان و هێزە ئەمنییەکاندا دروستکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە خۆپیشاندەران لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا دەستیان بەسەر پردی جمھوری، لە بەغدا، گرت.

لە سەرەتای مانگی ڕابردوەوە، خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق سەریھەڵداوە و خۆپیشاندەران بەردەوامن لە داواکانیان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت، چاکسازی لە حکومەت و ھەموارکردنەوەی دەستوور.

بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٥ ھەزار خۆپیشاندەریش بریندارن، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە ئەمە یەکەمین خۆپیشاندانی گەورەیە لە عێراقدا.

 

H.A