سەردێڕ:

سکرتێری حزبی دیموکرات: رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی ئێران شتێکی مەحاڵ نییە

فۆتۆ: 
2019-11-17

3876 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری حزبی دیموکرات ڕایگەیاند، ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ئێران شتێکی مەحاڵ نییە و چەندین جار گفتوگۆ و وتووێژیان ھەبووە لەگەڵیان.

خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان، لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ یەکشەممە باسی لەوە کرد، "ئێمە هەرگیز دەربارەی ڕووداوەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بێدەنگ نەبووین، لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندراومان بڵاوکردووەتەوە".

هەروەها باس لەوەش دەکات ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ئێران شتێکی مەحاڵ نییە و چەندین جار گفتوگۆ و وتووێژییان ھەبووە لەگەڵیان و دەشڵێت، "ئەو جۆرە خۆپیشاندانانەی پەیوەندییان بە شتی ڕۆژانەوە هەیە، بەهانەیەکی باشە بۆئەوەی خەڵک خۆپیشاندان ئەنجامبدات و بڕژێنە سەر شەقام".

ناوبراو وتیشی، "پێویستە خەڵک پرسیار بکات بۆچی نرخی بەنزین گران دەکەن، لەکاتێکدا ئێران خۆی بە ملیاران دۆلار لە وڵاتانی دیکەدا خەرجدەکات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی،" دەشڵێت، "پێویستە سوود لەم ڕووداوانە وەرگرین".

باسی لەوەش کرد، "خۆپیشاندان لە هەر وڵاتێکدا لە دژی دەسەڵاتی ناوەندی، ئەگەر سیاسیش نەبێت یان پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی بە یاسای سەرەکیش نەبێت، بەتایبەتیش لە کوردستان، کە بە دوای مافەکانی خۆماندا دەگەڕێین، ئەوە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەجێی خۆیەتی".

ئەمەش لەکاتێکدایە لە شەوی هەینی ڕابردوەوە خۆپیشاندان لە ئێران و شارە کوردستانییەکاندا سەریهەڵداوە لە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین، لە دوایین ئاماریشدا ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گەیشتوونەتە نزیکەی ٣٠ خۆپیشاندەر و ژمارەی بریندارانیش گەیشتوونەتە ١٤٧ خۆپیشاندەر.

 

H.A