سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەک: حکومەت و سوپای بەریتانیا هەوڵی پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی جەنگ دەدەن

فۆتۆ: 
2019-11-17

6894 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، سەربازە بەریتانییەکان هەستاون بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە عێراق و ئەفغانستان و حکومەت و سوپای بەریتانیاش هەوڵی پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانە دەدەن.

ڕۆژنامەی سەندەى تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە چەند بەڵگەیەکدا دەردەکەوێت کە چەند سەرباز و ئەفسەرێکى سوپای بەریتانیا لە عێراق و ئەفغانستان هەستاون بە ئەشکەنجەدان و کوشتنى چەندین هاوڵاتیی مەدەنی و  تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لێکۆڵەرانی کەیسەکە بۆ یەکەمجار زانیارییان ئاشکراکردووە کە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ویستوویەتی بابەتەکە پەردەپۆش بکات و، ڕێگەی نەداوە ئەو سەربازانە بچنە دادگا و لێکۆڵینەوەى زیاتریان لەگەڵ بکرێت.

یەکێک لەو لێکۆڵەرانە وتوویەتی، حکومەتى بەریتانیا هیچ نیازێکی نییە لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکات، وتووشیەتی، "سەربازێکى بەریتانی لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری بەسرە بەبێ هیچ هۆیەک تەقەی لە پۆلیسێکی عێراقی کردووە و کوشتوویەتی".

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتریش ئەم پرسە چەندجارێک لە بەریتانیا  باسکراوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت، سوپاکەیان بەپێی یاساکانی جەنگ کاریکردووە و تاوانی ئەنجامنەداوە.