سەردێڕ:

هەسەدە: هیچ ڕێککەوتنێکمان لەسەر تەلتەمر لەگەڵ تورکیا و ڕوسیا نەکردووە

کیانو گابریل، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
فۆتۆ: تویتەر
2019-11-17

3537 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیکردەوە سەبارەت بە ڕێگای سەرەکی نێوان حەسەکە - حەلەب لەگەڵ تورکیا و ڕوسیا ڕێککەوتبن.

ئەمڕۆ، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، وتەبێژی هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی ڕێککەوتنی هەسەدە، تورکیا و ڕوسیای لەسەر ڕادەستکردنی ڕێگای نێودەوڵەتی ئێم ٤ کە دەکاتە ڕێگای سەرەکی نێوان حەسەکە - حەلەب، بە پۆلیسی ڕوسیا و سوپای سوریا، ڕەتکردەوە.

لە بەیاننامەکەی کیانو گابریل، وتەبێژی هەسەدەدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە ڕاستیی ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە و ڕایگشتی دڵنیادەکەینەوە کە سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە هاوشانەکانی، لە داگیرکارییەکانیان لە گوندەکانی دەوروبەری شاری تەلتەمر، بەردەوامن".

ئاماژەی بەوەشداوە، "سوپای تورکیا و گروپە هاوشانەکانی تا ئەم ساتەش بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەوە پابەند نین و هێرشەکانیان تا ئێستاش بەردەوامن".

ئەمەش دوای ئەوە هات، لە میدیاکاندا هەواڵێک سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەسەدە، روسیا و تورکیا بڵاوکرایەوە کە گوایە تێیدا، ڕێککەوتن لەبارەی ڕادەستکردنی ڕێگای سەرەکی حەسەکە - حەلەب بە پۆلیسی ڕوسیا و سوپای سوریا، کرابێت.