سەردێڕ:

مایک پۆمپیۆ: ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێرانداین

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-17

2651 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەوان پشتگیریی خەڵکی ئێران دەکەن.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکی پێشتری دووبارە بڵاوکردووەتەوە و ڕوو بە خەڵکی ئێران نوسیوویەتی، "وەکو ساڵ و نیوێک لەمەوبەر بە خەڵکی ئێرانم ڕاگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێوەدایە".

هاوکات، لە تویتەکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەریدا ئەوە هاتووە، "دوای چل ساڵ لە ستەم، خەڵکی پڕ لە شانازیی ئێران لە بەرامبەر بەکارهێنانیان لەلایەن حکومەتەوە  ئیتر بێدەنگ نابن، ئێمەش بێدەنگ نابین".

هەر لە تویتە کۆنەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "من پەیامێکم بۆ خەڵکی ئێران هەیە کە ئەویش ئەوەیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێوە دەبیستێت و گوێی لێتانە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیتان لێدەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵتاندایە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێوارەی هەینی ڕابردوەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەستیپێکردووە و، بەپێی سەرچاوەکانیش تا ئێستا نزیکەی ٣٠ هاوڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ١٤٧ی دیکەش برینداربوون.