سەردێڕ:

حکومەت: کڕینی ڤێللا لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە لە ئەمریکا دوورە لە ڕاستییەوە

فۆتۆ: 
2019-11-17

21448 جار خوێندراوەتەوە

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی هەواڵی کڕینی دوو ڤێللا لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە هاتە دەنگ و هەواڵەکە ڕەتدەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەربارەی هەواڵی کڕینی دوو ڤێللا لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، هاتووە "لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵێکی ناڕاست لە سایتێکی ئەمەریکی بڵاوکرابوەوە، بە شێوەیەکی ناڕەوا، ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بابەتی کڕینی ڤیلایەکەوە لکێندرابوو، بەداخەوە هەندێ سایت و میدیای ناوخۆش پەرەیان بەو هەواڵە ناڕاستە داوە، ئێمە لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، سەرلەبەری ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە".

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "رێکاری یاساییش بەرامبەر بەو چەواشەكارییانە دەگرینەبەر".

ئەمەش لەکاتێکدایە، چوار ڕۆژ بەر لە ئێستا، ١٣ی تشرینی یەکەم، هەواڵێک لە چەند ماڵپەڕێکی ئەمەریکی بڵاوبوەوە و شارەزایەکی ئەمریکی لە بواری بازاڕی سەرمایەداریی کەسایەتییە جیهانییەکان لە نووسینێکدا باسی لەوە کردبوو کە بنەماڵەی بارزانی بە بەهای ٤٧ ملیۆن دۆلار دوو ڤێللایان لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کڕیوە.

 

H.A