سەردێڕ:

کەشناسی هەرێم: تا ڕۆژی چوارشەممە شەپۆلی سەرما بەردەوام دەبێت

فۆتۆ: 
2019-11-17

12105 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی شەپۆلێکی سەرما ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتووەتەوە، بەڵام پێشبینی ناکرێت لەم چەند ڕۆژەدا باران ببارێت، دەشڵێت ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستاندا وشکە ساڵی نابێت.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، بەرزە پاڵەپەستۆیەکی سیبیری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما نزمبووەتەوە و تا ڕۆژی چوارشەممەش شەپۆلی سەرما بەردەوام دەبێت.

وتیشی، شەوی ڕابردوو نزمترین پلەی گەرما، لە ناوچەی حاجی ئۆمەران تۆمار کراوە کە سێ پلە لەژیر سفری سیلیزییەوە بووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ تا ئێستا ڕێژەیەکی کەمتر باران باریوە و پەڵەی نەداوە، بەڵام بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت و ڕێژەی ئاسایی باران لە هەرێمی کوردستان دەبارێت.