سەردێڕ:

خامنەئی: پشتگیری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەکەم

فۆتۆ: 
2019-11-17

3316 جار خوێندراوەتەوە

عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئایینی ئێران رایگەیاند، پشگیری لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەکات.

خامنەئی لەیەکەم هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەو بڕیارە لە لایەن سەرۆکی سێ دەسەڵاتی وڵاتەوە دراوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت.

رابەری باڵای ئایینی ئێران راشیگەیاند، بە دڵنیاییەوە هەندێک لە خەڵک دژی ئەو بڕیارەن، بەڵام ئەوانەی پەنا بۆ سوتاندنی موڵک و ماڵی گشتی دەبەن لە خەڵک نین و کەسانی ئاژاوەگێڕن.

لە لایەکی ترەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، چیتر خەڵکی ئێران لەبەرامبەر نادادپەروەریدا بێدەنگ نابن و واشنتۆنیش پشتیوانیان لێدەکات.

لە شەوی هەینیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی بەرزبوونەوەی سێ هێندەی نرخی بەنزین لە ئێران دەستیپێکردووە و رۆژی شەممە خۆپیشاندانەکان توندوتیژیان تێکەوت و بەهۆیەوە لانیکەم ١٤ کەس کوژراون و دەیانى دیکە برینداربوون و ژمارەیەک بانک و وێستگەى سوتەمەنیش سوتێنراون.