سەردێڕ:

سەرۆکى داواکاریی گشتى ئێران هۆشداریی دایە خۆپیشاندەرانى وڵاتەکەى

فۆتۆ: 
2019-11-17

5212 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی داواكاریی گشتیی ئێران خۆپیشاندانەکانى وڵاتەکەى بە دەستى دەرەکى ناوبرد و رایگەیاند، ئه‌وانه‌ی كە دەيانەوێت شیرازه‌ی وڵات تێكبدەن بە توندیى رووبەروويان دەبنەوە.

محەمەد جەعفەر مونتەزەرى لە چاوپێكەوتنێكيدا لەگەڵ تەلەفزيۆنى فەرمیى ئێران ئاماژەى بەوەکردووە، "خەڵكى ناڕازييە لەم دۆخەى كە لەلايەن تێكدەر و دۆڕاوەكانەوە دروستكراوە، ئەوانەى كە لە رێگەى ئينتەرنێتەوە خەڵكى هاندەدەن، هۆشداریی ده‌ده‌مه‌ سه‌رچاوه‌ دۆڕاوەكانيان لە دەرەوەى وڵات."

وتیشی، ئەو چالاکییانە تاوان دروستده‌كه‌ن و لەلايەن هێزە ئەمنييەكان و دادگاوە بە توندى وەڵام دەدرێنەوە.

ئەو هۆشدارییانەى سەرۆکى داواکاریی گشتى ئێران لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک خۆپیشاندانەکانى ئێران دژى گرانبوونى نرخى بەنزین بەردەوامە و لە چەند شارێکى ئێران خۆپیشاندەران شەقامەکانیان داخست و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازى فرمیسکڕێژ رووبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەوە.

بەپێى میدیاکانى جیهان، لە خۆپیشاندانەکانى دوێنێی ئێراندا لە شارەکانی ئەهواز و شیراز دوو خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی دوێنش گەشتووەتە ١١ کەس و دەیان کەسى دیکەش لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، هاوڵاتییان لەرێگەی کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لە رێگا سەرەکییەکان و پەکخستنی هاتوچۆ ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە سێ هێندەبوونی نرخی بەنزین دەربڕی.

ئ.ر

‌بەپەلە