سەردێڕ:

راوێژکارێکى روحانى: ئێران هاوشێوەى لوبنان و عێراق نییە

فۆتۆ: 
2019-11-16

4814 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکى حەسەن روحانى رایگەیاند، ئێران، لوبنان و عێراق نیە و رێگەش بە خەڵکانى دیکە نادەن چارەنوسیان بۆ دیارى بکەن.

حوسامەدین ئاشنا راوێژکارى حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران، لەبارەى خۆپیشاندانەکانى ئەم دوایەى وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "رێگە بە راگەیاندنى بەکرێگیراو نادەین چارەنوسمان دیارى بکەن".

بەوتەى راوێژکارەکەى روحانى، " دوورووەکان لە ناوە و دەرەوەى ئێران جارێکى تر هەڵەیەکى ستراتیجییان کردەوە".

لە چەند شارێکى ئێران خۆپیشاندەران شەقامەکانیان داخستووە و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازى فرمیسکڕێژ رووبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەتەوە.

بەپێى میدیاکانى جیهان، لە خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆى ئێراندا لە شارەکانی ئەحواز و شیراز دوو خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی ئێرانیش گەشتووە بە ١١ کەس و دەیان کەسى دیکەش لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، هاوڵاتییان لەرێگەی کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لە رێگا سەرەکییەکان و پەکخستنی هاتوچۆ ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە سێ هێندەبوونی نرخی بەنزین دەربڕیوە.