سەردێڕ:

بۆچى تائێستا کوردستان نەبووە بە دەوڵەت؟

چەند هۆکارێکى هەیە
فۆتۆ: 
2019-11-16

7189 جار خوێندراوەتەوە

چەند هۆکارێکى ناوخۆیى و جیهانیى ڕێگربوون لە بە دەوڵەتبوونى کوردستان و سەربەخۆبوونى و تائێستاش هەرێمى کوردستان خاوەنى دەستور و سوپایەکى نیشتمانى و ژێرخانێکى ئابوریى نییە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی هەموو شۆڕشەکانی کورد لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، پرسی سەربەخۆیی سەرەکیتیرین داواکاری بووە، هەروەك لەگەڵ گۆڕانی قۆناغە مێژووییەکانیش ئەو پرسە لە ناخی زۆربەی تاکی کورددا ماوەتەوە، هەرچەندە لە ڕابردوودا فاکتەری جوگرافیا وەک ڕێگری سەرەکی لە بەردەم سەربەخۆیی کورددا دادەنرا، بەڵام ئێستا کە لە هەموو کات زیاتر پرسی کورد لە ئاستی نیودەوڵەتیدا هاتووەتە بەر باس زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە هۆکار و ڕێگرییەکانی بەردەم سەربەخۆیی کورد لە چەند ئاستێکدا خۆیان دەبیننەوە، کە زۆربەشیان پەیوەندیدارن بە هەڵوێستی ئەمریکاوە کە تا ئێستا ئامادە نیە پشتگیری کورد بکات بۆ سەربەخۆیی بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان. کە بە بۆچونی ئەو چاودێرانە ئەمریکاش لەسەر چەند بنەما و پێوەرێک پشتگیری لە هەر ناوچە و هەرێمێک دەکات بۆ بوون بە دەوڵەت و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، خراپی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بووە لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، بەجۆرێک تا ئێستا نەتوانراوە متمانەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەربکرێت.

یەکێتی و پارتی لە ماوەی ڕابردوودا نەیانتوانیووە نمونەیەکی باشی بەڕێوەبردن نیشانی جیهان بدەن، بۆ ئەمەش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی میدیا و ژیانی خەڵک بەسە بۆ هەموو وڵاتان لەنێویشیاندا ئەمریکا تا ئاگاداری ڕەوشی هەرێم بێت.

 یەکێکی دیکە لە هۆکار و ڕێگرییەکان، نەبوونی  سیاسەتێکی ئابورییە کە هەرێم بکاتە هەرێمێکی خۆژێنی و پشت بە بەروبومی هاوردە نەبەستێت، لە کاتێکدا هەرێم، ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و لەباریشە بۆ پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان، بەڵام تا ئێستا نزیکەی لە سەدا سەدی پێویستی بازاڕەکان پشت بە بەروبومی هاوردە دەبەستێت، ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت.

 جگە لەوەش نەبوونی ژێرخانی ئابوری کە لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ نەدراوە.

 وەک چاودێرانی بوارەکە دەڵێن، نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی یەکێکی ترە لە ڕێگرییەکان، لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا یەکێتی و پارتی ئێستاشی لەگەڵدا بێت باسی پێویستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەناوە، تا ئێستاش لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا حزبایەتی دەکەن و ئابوونەیان لێ وەردەگرن، لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریاندەهێنن و تەنانەت زۆربەی کەس و بەرپرسەکانی ئەو دوو حزبە فەوج و لیوای تایبەت بە خۆیان هەیە.

 نەبونی دامەزراوەی سەربەخۆ، بۆ نمونە، سەروەرنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری گرفتێکی دیکەیە کە ڕێگرە لە بەردەم دروستبوونی سیستمێکی گونجاوی بەرێوەبردن ، دەسەڵاتی دادوەریش بە هەمان شێوەی دەسەڵاتەکانی تر بەحزبی کراوە. ئەمەش ڕێگرێکی گەورەیە لە بەردەم بوون بە دەوڵەت و سەربەخۆییدا.

 لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا یەکێتی و پارتی تەنانەت دەستورێکیشیان بۆ هەرێم نەنوسیوەتەوە.

 بەهۆی ململانێ و شەڕی بەرژەوەندییەکانیانەوە، تەنانەت هەرێمیان کردووەتە شوێنی تەراتێنی دەزگا سیخوڕییەکانی ناوچەکە، هەموو ئەمانەش وا دەکەن ڕێگربن لەبەردەم بەدەستهێنانی متمانەی جیهان بەتایبەتی ئەمریکا، بۆ پشتگیری لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.