سەردێڕ:

مەزڵوم کۆبانی: ھەڵوێستەکانی میسر بەرز دەنرخێنین

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-15

10681 جار خوێندراوەتەوە

مەزڵوم کۆبانی هەڵوێستی کۆماری عەرەبیی میسر بۆ پێداگیرییەکانی لەسەر یەکێتی خاکی سوریا بەرز دەنرخێنێت.

کەمێک لەمەوبەر مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەوان هەڵوێستی کۆماری عەرەبیی میسر بۆ پشتگیریکردنی گەلی سوریا لەبەرامبەر دوژمنایەتی و هێرشی تورکیادا بەرز دەنرخێنن.

ئەوەش هاتووە، "ئامانج لە هێرشەکانی تورکیا گۆڕینی دیموگرافیای باکوری سوریایە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "سوپاسی بەرپرسانی میسر دەکەین کە هەڵوێستی ئەرێنیان لەسەر هەسەدە، کە ڕەنگدانەوەی فرەیی نێو کۆمەڵگای سوریایە، هەیە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەسەروبەندی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەرپرسانی میسر ئەوەیان ڕاگەیاندبوو، مافی شەرعی کوردەکانە بەرگری لە خۆیان بکەن لە دژی ھێرشەکانی سوپای تورکیا و هەروەها، بە هەوڵی میسر چەند جارێک کۆمکاری عەرەبی کۆبوویەوە و بەوەش، زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان، جگە لە قەتەر، دژی هێرشەکانی تورکیا بوون و لە بەیاننامەیەکی ١١ خاڵیدا ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە نابێت تورکیا دیموگرافیای باکوری سوریا بگۆڕێت.