سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە یانزە ملیۆن هاوڵاتیی سوری یارمەتییان پێویستە

مارک لۆکۆک، بەرپرسی بەشی مرۆیی بۆ حاڵەتی لەناکاو لە نەتەوە یەکگرتووەکان
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-15

1740 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە بەشە جیاوازەکانی سوریادا، زیاتر لە یانزە ملیۆن هاوڵاتیی خەڵکی سوریا، یارمەتییان پێویستە.

بەرپرسی بەشی مرۆیی بۆ حاڵەتی لەناکاو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مارک لۆکۆک ئەوەی بە ئەنجومەنی ئاسایش ڕاگەیاندووە، ئەوان یارمەتیی سەرەتاییان بە چوار ملیۆن کەس لەسەر سنوورەکان و ٢.٧ ملیۆنی کەسی دیکەی سوری لە ئیدلیب گەیاندووە، بەڵام ئەوە هەموو ئەو کەسانە نین کە پێویستیان بە یارمەتییە.

لۆکۆک ڕوو بە ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە کار بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لەسەر سنوورەکان هەیە، بکرێت، ئەگەرنا ئەوان ناتوانن یارمەتیی پێویست بگەیەننە ئەو هاوڵاتییە سورییانەی پێویستیان بە هاوکارییە.

هاوکات وتوشیەتی، ئەگەر شەڕ بەردەوامبێت، دوورنییە شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی سوریا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ڕوونەداتەوە.

لەسەر شاری ئیدلیب، کە لەلایەن تورکیا و چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە، وتوویەتی، بارودۆخی مرۆیی لە ئیدلیب زۆر خراپە و بە بەردەوامی بۆمبارانی ناوچەکان دەکرێت و، هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە لە چەکدارانی تەحریری شام دەترسن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیا لە ٩ی مانگی ڕابردوەوە، هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و لەئاکامدا، سەدان کوژراو و بریندار و دەیان هەزار ئاوارەی لێکەوتووەتەوە. شاری ئیدلیبیش دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و لەلایەن چەکدارانی تەحریر شام، کە نزیکن لە تورکیا، دەستیبەسەرداگیراوە.