سەردێڕ:

خۆپیشاندەران: سبەینێ ھەینی خۆڕاگرییە

فۆتۆ: 
2019-11-14

3057 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندەرانی عێراق ناوی ھەینی خۆڕاگرییان لە خۆپیشاندانەکانی سبەینێ ناوە، ھێزە ئەمنییەکانیش دەڵین پەیوەندییان لەگەڵ خۆپیشاندەران باشە.
خۆپیشاندەران بانگەشەی خۆپیشاندانێکی ملیۆنی لەسبەینێدا دەکەن و ناویان لێناوە ھەینی خۆڕاگری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت: لەو بانگەشانە ناترسن و پەیوەندییان لەگەڵ خۆپیشاندەران باشە.
پۆلیسی عێراقیش ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی بەرپێگرتنی خۆپیشاندەران لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە بەغدا ٤ خۆپیشاندەر کوژران و ٦٥ ی دیکەش بریندار بوون.
لای خۆشییەوە نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق ڕایگەیاندووە، بەڵگەیان لەبەردەستایە لایەنێکی نادیار تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووەو، کوژراو بریندارەکان بە ھۆی تەقەی ھێزە فەرمییەکانی عێراقەوە نەبووە.
 شەمەری ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای پشکنینی کوژراوەکان لە پزیشکی دادوەری دەرکەوتووە ئەو جۆرە گوللانەی دژی خۆپیشاندەران بەکارھێنراوە لەلای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بوونی نییە، بە وتەی وەزیری بەرگری عیراق  ھێزە ئەمنییەکان جۆرە بۆمبێکی فرمێسکڕێژییان ھەیە کە لە توانایدایە تەنھا لە دووری ٧٥ مەترەوە بەکاربھێنریت، لە کاتێکدا زۆربەی بریندارەکان لە دووری ٣٠٠ مەترەوە بە ئەمانجگیراون .
لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی دیکەی عێراقەوە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ڕیزەکانی خۆپیشاندەران کوژراون و بە ھەزارانی دیکەش بریندار بوون. 
إ.م