سەردێڕ:

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەنجومەنێک بۆ پیشەسازیی پەلەوەر پێکدەهێنێت

چەند بڕیارێکی لەبارەی بەروبومی پەلەوەرەوە دەرکرد
فۆتۆ: 
2019-11-14

1769 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بڕیاری دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای بۆ پیشەسازیی پەلەوەر و چەند بڕیارێکی دیکەشی لەبارەی بەرهەمە پەلەوەرییەکانەوە دەرکرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە لە میانەى کۆبوونەوەى بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراو و كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەلەوەر و ئالیك بڕیاریدا هەر كۆمپانیایەك بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە بكات بخرێتە لیستی رەشەوە، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی پەلەوەری كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پارێزگاكان دەكرێت.

هەر بە پێی بڕیارەکان تروكانى هێلکە بە شێوەی تایبەت سنورداردەکرێت و تەنها لەسەر خواست و پێویستی پرۆژەكانی هەڵهێنەر دەبێت و كرێی كارەبای كارگە ئالیكیەكانیش کەمدەکرێتەوە.

وەزارەتى کشتوکاڵ ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو ئەنجومەنەى پێکدەهێنرێت هەریەک لە بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەكانی وەزارەت و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەری كۆمەڵە و رێكخراوی ئەنجومەنی پەلەوەری و كەسانی ئەكادیمی لەخۆ دەگرێت و راستەوخۆش لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ سەرپەرشتی دەكرێت.

ئ.ر