سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو کچە ئەمریکییەی ئەبوبەکر بەغدادی دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر

لای ڕاست ئەبوبەکر بەغدادی، و لای چەپ کایلا مۆلەر، تێکەڵ بە گرافیکی NRT
فۆتۆ: NRT
2019-11-14

53319 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەبارەی کایلا مۆلەر، کچە چالاکوانی ئەمریکی بواری مرۆیی کە لە ساڵی ٢٠١٣وە لە سوریا ڕفێندرابوو، بڵاوکردەوە و تێیدا، باس لە دەستدرێژی سێکسی بەغدادی بۆ سەر چالاکوانە ئەمریکییەکە کراوە.

کایلا مۆلەری گەنج و چالاکوانی بواری مرۆیی لەگەڵ ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور کاری دەکرد. میدیاکان لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٣، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکەی پزیشکانی بێسنوور لە شاری حەلەبی سوریا دەچێتەدەرەوە، هەواڵی ڕفاندنیان بڵاوکردەوە. دواتر، کە داعش لەژێر ناوی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) خۆی ڕاگەیاند، لەسەر داوای خێزانەکەی، بێ ناوهێنان وابڵاوکرایەوە کە ئەو کچە چالاکوانە لەلای داعش دەستبەسەربێت. لە ساڵی ٢٠١٥دا، داعش هەواڵی کوژرانی کایلا مۆلەریان بڵاوکردەوە کە گوایە بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەردەن گیانیلەدەستداوە.

ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز لەسەر ئەم بابەتە، هەواڵی لێکۆڵینەوەی ئەفسەرێکی ئێف بی ئای بڵاوکردووەتەوە و زانیاری نوێی لەسەر ژیانی کایلا مۆلەر لەو دوو ساڵەی کە دەستبەسەرکرابوو، تێدایە.

ئەفسەرەکەی ئێف بی ئای، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئوم سەییف، هاوسەری یەکێک لە یاریدەدەرەکانی بەغدادی، کردووە. ئوم سەییف لە دانپێدانانەکەیدا وتویەتی، "داعش خۆی کایلا مۆلەری کوشت، چونکە زانیاری وردی لەبارەی ناسنامەی ئەبوبەکر بەغدادی و ئەبو محەمەد عەدنانی، وتەبێژ و کەسی دووەمی ئەو کاتەی ڕێکخراوی داعش، هەبوو".

ئوم سەییف ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەندینجار بەغدادی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کایلا مۆلەر و ناوچە بە ناوچەش لەگەڵ خۆیدا دەیگواستەوە. لە دوایەمینجاردا، بەهۆی ژنە گەورەکەی بەغدادییەوە کە سوکایەتی بە کایلا کرد و کاتژمێرە دەستییەکەی (کە بەغدادی وەکو دیاری لە مانگی ڕەمەزاندا بە کایلای دابوو) شکاند، کرایە دەرەوە لە ماڵی بەغدادی و بەرەو شوێنێکی دیکەیان گواستەوە و کوشتیان".

لەدوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی ڕێکخراوی داعش لە ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا و لەژێر ناوی "کایلا مۆلەر"، خێزانی کایلا دووبارە لە میدیاکانەوە دەنگیان بەرزبوویەوە و داوای لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی کچەکەیان، بە مردووی یان بە زیندووی، کرد.

لەمبارەیەوە، دایکی کایلا لە چاوپێکەتنێکدا وتویەتی، "دەزانم بە ئەگەری زۆر کایلا مردووە و لە بەهەشتدایە، بەڵام چی ئەگەر نەمردبێت؟ هەمیشە ئەگەرێک بۆ زیندووێتی کایلا، ئەگەرچی تەنیا لەسەدا یەکیش بێت، هەیە. ئێمە تەنها دەمانەوێت بیدۆزینەوە و بیهێنینەوە بۆ ماڵەوە".