سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانى کوەیت دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکرد

بەهۆى ناڕەزایەتییەکانەوە
جابر موبارەک، سەرۆک وەزیرانی کوەیت
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-14

2826 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى کوەیت ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەش بە میرى وڵات کرد.

تاریق موزرم وتەبێژى حکومەتى کوەیت رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا جابر موبارەک سەرۆک وزیرانى کوەیت دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشى سەباح ئەحمەد جابر ئال سەباح میرى کوەیت کردووە.

باسى لەوەشکردووە، دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەیە تا میرى وڵات پەیکەرى نوێى وەزارەتەکان رێکبخاتەوە.

هاوکات مەرزوق غانم سەرۆکى پەرلەمانى کوەیت رایگەیاند، میرى کوەیت لە ئێستادا بە نیاز نییە حکومەت هەڵبوەشێنێتەوە.

رۆژى سێشەممە ١٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ جینان بوشەهرى وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى نیشتەجێبوون دەستى لەکارکێشایەوە دواى ئەوەى بانگهێشتى پەرلەمانى ئەو وڵاتە کرا و پرسیار وتۆمەتى زۆرى ئاڕاستە کرا لەبارەى بەرپرسیارێتى لەسەر پرسى دواکەوتنى تەواوبوونى پرۆژەکان وکەمتەرخەمى لە پاراستنى ماڵى گشتیدا.

لەسەرەتاى ئەم مانگەوە گردبونەوەو نارەزایەتیی چەند شارێکى کوەیتى گرتەوە و داواى چاکسازى سیاسییان دەکرد و رەخنەى زۆریان لە سیاسەتەکانى ئێستاى حکومەت گرتبوو.

زیاتر لە پێنج ساڵە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە بودجەى گشتى وڵاتى کوەیت کورتهێنانى هەیە بەهۆى زۆرى خەرجییەکانى و کەمبوونەوەى  داهاتەکانى و ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتەش حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانن بەوەى گەندەڵى زۆر لە داهاتەکاندا دەکات.