سەردێڕ:

ئەستێرەیەکى نوێ دۆزراوەتەوە کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر لە گەلەئەستێرەکەمان ڕادەکات

فۆتۆ: 
2019-11-14

4508 جار خوێندراوەتەوە

ئەستێرەناسەکانی ئوسترالیا دەڵێن کە ئەستێرەی "S5-HVs1" زۆر لە کونە ڕەشەکەی ناوەڕاستی گەلە ئەستێرەکەمانەوە نزیک بووەتەوە و لە ئەنجامی خولانەوەی بەدەوریدا توشی دەرپەڕاندنێکی سەرسوڕهێنەر بووە کە ئەو خێراییە زۆرەی پێداوە.

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "The Guardian"دا ئاماژە بەوە کراوە کە زاناکانی زانکۆی نەتەوەیی ئوسترالیا لە کانبێرا سەرنجی ئەستێرەکەیان داوە و خێراییەکەیان پێواوە کە ٦ ملیۆن کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا کە دەکاتە ١٧٠٠ کیلۆمەترلە چرکەیەکدا، دوای گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەستێرەکە بە سەرنجدان لە ڕێڕەوی ئێستای گەشتنە ئەو ئەنجامەی کە نزیکی ٥ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا نزیک لە کونە ڕەشەکەی ناوەڕاستی گەلە ئەستێرەکەمانەوە خولێکی خواردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەم خێراییەی ئێستای، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دوای ١٠٠ ملیۆن ساڵی دیکە بە تەواوی لە گەلە ئەستێرەکەمان "ڕێگای کاکێشان" دەربچێت.

ئەم دیاردەی هەڵهاتنە لە گەلە ئەستێرەکەمان ناوی میکانیزمی هیڵزە، لە دوای ئەستێرەناس جاک هیڵزەوە ناونراوە کە ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا پێشبینی دیاردەکەی کردووە.